پەرلەمانى عێراق روونکردنەوە لەسەر کڕینى حەوت ئۆتۆمبێلى (VIP) دەدات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، کەمکردنەوەى ئاشکرا بۆ کڕینى حەوت ئۆتۆمبێلى (VIP) هاوشێوەى دامەزراوەکانى دیکەیە و  بۆ ئەوەیە سەرۆکایەتییەکەى ئەرکەکانى لە پێشوازى میوانان بەباشی جێبەجێ بکات.  
 
فەرمانگەى راگەیاندنى پەرلەمانى عێراق روونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە لە بارەى حەوت ئۆتۆمبێلى (VIP) کە بەنیازن لە رێگەى کەمکردنەوەى ئاشکرا بیکڕن.
 
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە: "هەموو دامەزراوە فەرمییەکان ئۆتۆمبێلى تایبەتییان هەیە بۆ ئەوەى ئەرکى فەرمى پێ جێبەجێ بکەن و ئەو ئۆتۆمبێلانە بۆ بەکارهێنانى فەرمى سەرۆکایەتى پەرلەمان تەرخانکراوە بە مەبەستى ئاسانکارى جێبەجێکردنى ئەرکەکانیان لە پێشوازیکردن لە گەورە بەرپرسانى دەوڵەت و میوانانى بیانى".
 
رۆژی 31ى تشرینى یەکەمی 2024، پەرلەمانى عێراق بانگەوازێکى بۆ کڕینى حەوت ئۆتۆمبێلى جۆرى تۆیۆتا فارد (VIP)ى مۆدێلى 2024 رەنگ رەشى تایبەتمەندى کەنداو کرد، کە پرەى خەمڵێندراو بۆ هەر حەوت ئۆتۆمبێلەکە 826 ملیۆن دینارە.
 
فەرمانگەى راگەیاندنى پەرلەمانى عێراق ئاماژەى بەوەداوە دەستەبەرکردنى ئۆتۆمبێل بە تایبەتمەندى شیاو بۆ ئەو ئەرکەى پەرلەمان کارێکى سرووشتییە و لە زۆربەى دامەزراوەکانى دەوڵەت پیادە دەکرێت، بۆ ئەوەى "گەرەنتى نوێنەرایەتییەکى شەرەفمەندانە و گونجاو بێت بۆ پەرلەمان لە بۆنە فەرمییەکاندا، کە هاوتاى پێگەکەى بێت وەک باڵاترین دەسەڵاتى دەستووری".
 
رۆژی 19ى تشرینى دووەمی 2024 لە ئەمیندارێتى پەرلەمانى عێراق کۆنگرەیەک دەکرێت بۆ وەڵامدانەوەى پرسیارى ئەوانەى بەشدار دەبن لەو کەمکردنەوەیە، 25ى تشرینى دووەم ناوەڕۆکى تەندەرى کەمکردنەوەکان ئاشکرا دەکرێن بۆ کڕینی ئەو ئۆتۆمبێلانە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە