رووداو دیجیتاڵ
ئاوى رووبارى دیجلە چیدى بۆ خواردنەوە و بەکارهێنان شیاو نییە. بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى ژینگەی عێراق، رێژەى پیسبوونى گەیشتووەتە 90٪، ئەمەش هەڕەشەیە بۆ سەر ژیانى هاووڵاتیان.
عەدنان جاسم راوچى ماسییە، باس لە گرفتێکى گەورە و بۆنى ناخۆش دەکات کە بەهۆى فڕێدانى خاشاک لە ئاوى رووبارەکە و تێکەڵبوونى بە ئاوەڕۆ دروست بووە، بەبێ هیچ لێپرسینەوە و چاودێرییەک.
عەدنان جاسم کە هاوکات خانەنشینە دەڵێت، "پێشتر ئاوى رووبارەکە زۆر بوو، کە ئەو خاشاک و مادە پیسکەرەکانى رادەماڵى، بەڵام ئێستا ئاوى پێویست نییە، بۆیە رێژەى پیسبوونەکەى زیاد دەبێت، پێشتر کاتێک بۆتڵێک ئاوت فڕێ دەدایە نێو ئاوەکە، دەردەکەوت، لەکاتێکدا کە ئاوەکەى سێ ئەوەندەى ئەوە بوو کە ئێستا هەیە، چونکە تەنە پیسەکانى رادەماڵى، بەڵام ئێستا ناوچەکانمان هەمووى بووەتە گرفت و نەخۆشى، ئەوە بۆ هەموو کۆمەڵگەى عێراقى هەر وایە، تەنیا خودا دەمانپارێزێت."
لە بەغدا 18 رێرەوى ئاوەڕۆ هەن کە بەبێ چارەسەرکردن ئاوەکەیان دەچێتە نێو رووبارى دیجلە، کە رۆژانە 700 هەزار مەتر سێجایە، لەکاتێکدا وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاو نەیتوانیوە چارەسەرێک بدۆزێتەوە بۆ کەمکردنەوەى مەترسییەکانى پیسبوونی رووبارەکە.
خالید شەمال، گوتەبێژى وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاو دەڵێت، "پێشتر وەزارەت رێوشوێنى کاراى دەگرتەبەر، ئەگەر رێژەى پیسبوون لە رووبارەکان بەرز بووایە، ئەویش لە رێگەى زیادکردنى ئاوى رووبارەکان لە یەدەگى ستراتیژیى و دەریاچەى سرووشتى و بەنداوەکان، بەڵام ئێستا قورس و ئەستەمە قوربانى بە ئاوى خواردنەوە و بەکارهێنانى ناوماڵ بدەین بۆ کەمکرنەوەى زیانى پیسبوونى ئاوى رووبارەکان، کە دامەزراوەکانى دیکە دەیکەن."
ئاوى رووبارەکە و رێژەى پیسبوونى بەپێچەوانەى یەکدین، لە رووبارى دیجلە رۆژانە ئاستى ئاوەکەى کەم دەبێت و لەبەرامبەردا قەبارەى خاشاک زیاد دەکات و لەگەڵیدا رێژەى نەخۆشى زیاد دەکەن بەبێ ئەوەى لایەنە پەیوەندارەکان لاى لێ بکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ