رووداو-بەغدا
لایەنگرانی رەوتی سەدر بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە چوونە بەردەم ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق و بە درووشمی سەربەخۆیی بۆ دادگە و نا بۆ دەستوەردان لە کاروبارەکانی دادگە، دەرگەی ئەنجوومەنی دادوەرییان داخست. بەڵام دوای نزیکەی نۆ کاژێر مانەوە، لەسەر داوای وەزیرەکەی سەدر کشانەوە.
ھەمزە فیراس، خۆپێشاندەرێکی لایەنگری سەدرە و بە رووداوی گوت: "دوێنێ لە ژنەکەم جیابوومەوە، ئێمە لە ژنەکانمان جیادەبینەوە لەبەرخاتری ئەبوھاشم، پێویستە بەسەریان بکەوین ئەو گەندەڵکارانە، مردن وەکو ئاوخواردنەوەیە لای ئێمە."
ئەحمەد حەیان، خۆپێشاندەرێکی دیکەی لایەنگری سەدرە و دەڵێت: "چەند رۆژێک لەمەوبەر دادگە راگەیێندراوێکی بڵاوکردوە و دەڵێت: من لەگەڵ سیاسەت نیم و دوورم لەو کێشانە، سەربەخۆم. نەخێر ئێمە وای نابینین، تۆ وەکو ئەنجوومەنی باڵای دادوەری پاڵپشتی گەندەڵکاران دەکەیت."
لەگەڵ گەیشتنی خۆپێشاندەران بۆ بەردەم ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، خێوەت ھەڵدرا و مانگرتن دەستیپێکرد، بەڵام دوای نزیکەی نۆ کاژێر، وەزیرەکەی سەدر بە توویتێک داوای لە خۆپێشاندەران کرد کە بکشێنەوە بەبێ لابردنی خێوەتەکانیان.
سەجاد سەلیم، خۆپێشاندەر گوتی: "ئێمە دەمانەوێت پەرلەمان ھەڵبوەشێتەوە، ماندووبووین لە پشکپشکێنە، ئەمە بۆ تۆ و ئەمەش بۆ من، ئێمەی گەنج هیچمان نەبینیوە، باشترە ھەڵیبوەشێننەوە، ئاخر نازانم چۆن قسەتان لەگەڵ بکەین، ئێمە ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانمان دەوێ."
عەلی موسەوی، یەکێکی دیکەیە لە خۆپێشاندەران و باس لەوە دەکات کە "ئەنجوومەنی نوێنەران شەرعیەتی لەدەستداوە، بەپێی مادەی 72ـی دەستوور، داواش لە حیزبەکان دەکەین دەست لە کاروباری دادگە وەرنەدەن و گوشاریان لەسەر نەکەن، ئێمەش دەمێنینەوە تاوەکو داواکارییەکانمان جێبەجێ دەکرێن، ئێمەی تشرینی لەگەڵ سەدرین."
بەهۆی ئەم کارەی لایەنگرانی سەدر و مانگرتنیان لە بەردەم ئەنجوومەنی دادوەری و دادگەی فیدراڵیی عێراق، ئێستا کارەکانی سەرجەم دادگە و دامەزراوە دادوەرییەکانی عێراق هەڵپەسێردراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ