دادگەی فیدراڵی تاوتوێی سکاڵایەکی سوودانی لە دژی یاسای بودجە دەکات

23-06-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی فیدراڵیی عێراق تاوتوێی سکاڵایەک دەکات کە لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دژی مادەیەکی یاسای بودجەی گشتی لەسەر سەرۆکی پەرلەمان تۆمارکراوە.
 
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی، بڕیارە دادگەی فیدراڵی سبەی (دووشەممە، 24ـی حوزەیران) تاوتوێی سکاڵاکە بکات کە لە دژی مادەی 71ـی یاسای بودجەی 2023ـی عێراقە. سوودانی لە سکاڵاکەیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو مادەیەی کردووە و بە دادگەی گوتووە مادەکە بە نایاسایی بزانێت.
 
مادەی 71ـی یاسای بودجەی گشتیی 2023، 2024 و 2025، پەرلەمان حکومەتی عێراقی پابەندکردبوو تاوەکو رۆژی 30ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2023، کۆتایی بە کاری بەوەکالەتی سەرجەم بەڕێوەبەرەکان بهێنێت و پۆستەکان بەوەکالەت بەڕێوەنەبرێن، حکومەتیشی پابەندکرد سەرجەم دەرماڵەکانی دارایی و دەسەڵاتە کارگێڕییەکان رابگیرێت، ئەگەر دوای ئەو کاتە بەردەوام بێت، بەڵام دوای تەواوبوونی ئەو وادەیە و تێپەڕبوونی زیاتر لە حەوت مانگ، هێشتا ئەو کارە نەکراوە.
 
بەپێی مادەکە، دەبێت حکومەت مانگێک پێشتر ناوی ئەو کەسانەی دەکرێنە سەرۆکی دەستە سەربەخۆکان، پلەکانی تایبەت، بریکارانی وەزارەت و راوێژکاران رەوانە بکات و ئەنجوومەنی نوێنەران لە ماوەی مانگێکدا پەسندیان بکات.
 
رائید مالیکی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "پابەندکردنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەرژەوەندیی فەرمانگە و کارەکانی دەوڵەت و حکومەتە، بۆیە دەبوو سوودانی لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا ئەو کارەی کردبا."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوایکردووە ماوەی دوو ساڵی پێبدرێت بۆ ئەوەی سەرجەم بەڕێوەبەران و پۆستە بەوەکالەتەکان پڕبکاتەوە.
 
بەپێی زانیارییەکان لە عێراق زیاتر لە دوو هەزار پۆست بەوەکالەت بەڕێوەدەبرێن، بەشی زۆریان بەڕێوەبەرانی گشتیین، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی لە مانگی ئایاری 2023، محەممەد شیاع سوودانی، 57 بەڕێوەبەری گشتیی لەسەر کار لابرد، بەشێکیان بەوەکالەت پۆستەکانیان بەڕێوەدەبرد.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە