لەسەر "فیلەر و بۆتۆکس" کێشە دەکەوێتە نێوان تەندروستى عێراق و پزیشکانى ددان

23-05-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 رووداو دیجیتاڵ
 
 وەزارەتى تەندروستىی عێراق بە بڕیاری رێگرى لە نەشتەرگەریی جوانکاریى ددان، کێشە لەگەڵ سەندیکاى پزیشکانى ددان دروست دەکات. سەرۆکى لێژنەى تەندروستى لە پەرلەمانى عێراق دەڵێت، "پاساوى ئەو بڕیارە ئەوە بووە پزیشکانی ددان لە هەندێک لە نۆرینگەکانى جوانکاری، بۆتۆکس و فیلەریان کردووە."
 
سەندیکاى پزیشکانى ددانى عێراق، 24ى ئایار لە بەغدا گردبوونەوە دەکەن، ئەمەش وەک ناڕەزایی دەربڕینێک لە دژى ئەو بڕیارەى وەزارەتى تەندروستیى عێراق.
 
ماجید شنگالى، سەرۆکى لێژنەى تەندروستى لە پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "وەزارەت رێنماییەکى پێشووى خۆى لە بارەى کارکردنى پزیشکانى ددان لە سەنتەرەکانى جوانکاری هەڵوەشاندووەتەوە و ئەوە کێشەکەى دروستکردووە، پاساوى ئەو بڕیارە ئەوە بووە لە هەندێک لە سەنتەرەکانى جوانکارى، پزیشکانى ددان "فیلەر و بۆتۆکسیان کردووە".
 
بە هەڵوەشاندنەوەى ئەو رێنماییە، نابێت پزیشکانى ددان هەموو نەشتەرگەرییەکى جوانکاریى لە نۆرینگەکانى جوانکارى بکەن. ماجید شنگالى دەڵێت: "هەفتەى داهاتوو بۆ ئەو پرسە لەگەڵ وەزیرى تەندروستى عێراق کۆدەبینەوە".
 
ئەو بڕیارە ناڕەزایەتى سەندیکاى پزیشکانى ددانى لێکەوتەوە. د.ئەبوبەکر راوى، نەقیبی سەندیکاکە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "بۆ ئەو کێشەیە لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان قسەمان کردووە، هەینى لە گردبوونەوەکەدا هەڵوێستى خۆمان رادەگەیێنین".
 
بەگوێرەى ئامارەکانى سەندیکاى پزیشکانى ددان، نزیکەى 30 هەزار ئەندامیان هەیە، 14 هەزار پزیشکى ددان لەکەرتى تەندروستى حکومى کار دەکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە