رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر بەڵێن بە خۆپێشاندەرانی نەجەف دەدات، پارێزگاری نەجەف لە پۆستەکەی دووربخاتەوە و دەڵێت پێویست بە تایە سووتاندن ناکات.
موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر ئەمڕۆ چوارشەممە سەردانی شارەوانیی نەجەفی کرد و دواتر بەڵێنیدا بەجدی کاربکەن بۆ ئەوەی هەر کەسێک کەمتەرخەم بێت، لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت و گوتی: "ئەوەی لە گەندەڵی بێدەنگ بێت، شەیتانێکی ڵاڵە".
سەدر رووی لە خۆپێشاندەران کرد و ئاماژەی بەوەکرد، گەندەڵی لەم دامەزراوەیە پێویستی بە هەڵوەستە لەسەرکردنە، بۆیە هەر دۆسیەیەک لەسەر گەندەڵی و کەمتەرخەمی هەیە پێیان بدەن، تاوەکو بیگەیێننە شوێنە بەرزەکانی دەوڵەت. سەدر گوتی: "شوورەییە لە پارێزگای نەجەفی پیرۆز باسی گەندەڵی بکرێت".
هەر لە قسەکانیدا، موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر بەڵێنیدا پارێزگاری نەجەف لە پۆستەی دووربخەنەوە و گوتی کار بۆ دوورخستنەوەی پارێزگار دەکەین و دەیگۆڕن، پێویست بە سووتاندنی تایە و پشێوی ناکات، بەڵکو بەشێوەیەکی یاسایی و دیپلۆماسی، بۆیە پشێوی و نائارامی بەسە، ئەمە شاری مەرجەعیەت و پێشەوای بڕوادارانە و پێویستە پابەندی چاکسازیی بن.
موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر جەختی لەوەکردەوە: "هەر کەسێک لێرەبێت و خۆی واپێشان بدات، کە نوێنەرایەتیی رەوتی سەدر دەکات، ئەوا گەندەڵە".
بەهۆی گەندەڵیی و نادادییەوە لە دامەزراوەکانی پارێزگاکە، چەند رۆژێکە لە پارێزگای نەجەف خۆپێشاندان بەردەوامە، خۆپێشاندەران داوای دوورخستنەوەی لوئەی یاسری پارێزگاری نەجەف لە پۆستەکەی دەکەن.
پێشتر سەدر هۆشداری دابوو لە بەردەوامی گەندەڵییەکانی پارێزگاکە، بەتایبەتی شارەوانیی پارێزگای نەجەف و داوایکرد لێکۆڵینەوە لەگەڵ هەریەک لە ئەحمەد یاسری و ئەمیر عەبد عۆن و عەلی زوبێدی لە شارەوانی بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ