رووداو دیجیتاڵ
لە شاری نەجەف بۆ جاری چوارەم سەنتەری رافیدەین بۆ دیالۆگ کرایە ئامانج و بە بۆمب هێرشی کرایەسەر، سەنتەرەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت "بەهۆی هێرشەکەوە زیانی زۆر بە کەلوپەلەکان گەیشتووە."
بەیانیی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 22-10-2023) سەنتەری رافیدەین بۆ دیالۆگ (RCD)، کە سەنتەرێکی لێکۆڵینەوەییە و بایەخ بە دیالۆگی سیاسی و ئابووری و کولتووری لەنێو دەستەبژێری عێراقی و دیموکراسی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی دەدات، رایگەیاند "کاژێر دووی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بارەگای سەنتەری رافیدەین بۆ دیالۆگ و بە دیاریکراوی نووسینگەی زەید تاڵقانی، سەرۆکی سەنتەر لە پارێزگای نەجەف رووبەڕووی هێرشێکی بۆمبی بووەوە."
سەنتەرەکە رایگەیاندووە، زیانی زۆر بە کەلوپەلەکانی سەنتەرەکە کەوتووە، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەنتەرەکە، ئەوە چوارەمین جارە، سەنتەری رافیدەین بۆ دیالۆگ رووبەڕووی "هێرشی تیرۆریستیی ترسنۆکانەی رێکخراو" دەبێتەوە.
لەبارەی ئەنجامدەرانی هێرشەکانەوە سەنتەرەکە دەڵێت "هێرشەکان لەلایەن کۆمەڵێک لایەن و شانەی تێخزێندراوەوە دەکرێن، کە کار بە ئەجێندای سیاسیی تێکدەرانەی ناشاراوە دەکەن، ئەوەش هەوڵێکی شکستخواردووە بۆ شێواندنی سەقامگیری و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لە وڵات."
بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە سەنتەرەکە بڵاویکردووەتەوە، لەو کاتەی هێرشەکە دەکرێت، کەسێک لەنێو سەنتەرەکەدا دانیشتووە و دواتر هێزەکانی پۆلیس بۆ لێکۆڵینەوە دەگەنە شوێنی رووداوەکە.
سەنتەری رافیدەین بۆ دیالۆگ پێیوایە هێرشەکە "هەوڵێکە بۆ رێگەگرتن لە هەوڵە زانستییەکانی سەنتەرەکە، بەڵام ئەوە تەنیا رژدبوونمان زیاتر دەکات لەپێناو رێڕەوی سەرکەوتن و پێشەنگبوون."
سەنتەری رافیدەین، یەکێکە لەو سەنتەرانەی ساڵانە کۆڕبەندی تایبەت بە دەستەبژێری ئابووری و سیاسیی و کولتووری لە عێراق هەیە، بارەگای سەرەکی لە شاری نەجەفە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ