سەرۆکی هەرێمی کوردستان جێبەجێکردنی دەستوور و چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێ دەکات

22-11-2022
ئەحمەد تەڵعەت
A+ A-
رووداو - هەولێر 
 
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا چەند پرسێک لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و لایەنەکان تاوتوێ دەکات و بەهۆی رووداوەکەی دهۆکەوە سەردانەکەی کورتدەکاتەوە و هەر ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان.
 
بەیانی رۆژی سێشەممە 22-11-2022، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەکو یەکەم سەرکردەی باڵای هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا، بەپێی زانیارییەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک پرس لەو  کۆبوونەوانەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنەکانی عێراق و سێ سەرۆکایەتییەکە تاوتوێ دەکرێن .
 
دڵشاد شەهاب، راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەندامی شاندەکە بۆ بەغدا بە رووداوی راگەیاند: "یەکەم کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەبێت [ئێستا لە کۆبوونەوەدایە] دواتر لەگەڵ لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق کۆدەبێتەوە، دوای ئەو دوو کۆبوونەوەیەش سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری عێراق کۆدەبێتەوە، بڕیاربوو لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش کۆببێتەوە، بەڵام بەهۆی تووشبوونی سەرۆکی پەرلەمان بە کۆرۆنا ئەو کۆبوونەوەیە ناکرێت." 
 
دڵشاد شەهاب راشیگەیاند: "جگە لە سێ سەرۆکایەتی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی هەر سێ هاوپەیمانێتیی دەوڵەتی یاسا، فەتح، نەسر و هاوپەیمانیی سەروەری و فالح فەیاز و هادی عامری، کۆدەبێتەوە و تاوتوێی پرسە جیاوازەکان دەکەن."
 
لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکان، راوێژکارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "حکومەتێکی نوێ دەستبەکاربووە، دەمانەوێت دیدگەی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری کێشەکان بگەیێنینە حکومەتی نوێ، سەرەکیترین ئەو پرسەی جەختی لێدەکەینەوە، جێبەجێکردنی دەستوورە، هاوئاهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکان، هەروەها پرسەکانی لیوا هاوبەشەکان و هاوئاهەنگی سەربازی لە ناوچە کوردستانییەکان، جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال تاوتوێ دەکرێن."
 
وەکو راوێژکارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێ: "بەزاندنی سنووری عێراق و بۆردوومان و تۆپبارانەکان پرسێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەبن و لەگەڵ سەرۆکایەتییەکانی عێراق و لایەنەکان تاوتوێ دەکرێن".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی خولێکی راهێنان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە هەولێر لە ساڵی 2023. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

عێراق خولێکى سەربازیى هەزار کەسى دەکاتەوە و هەرێمى کوردستانیش دەگرێتەوە

وەزارەتى بەرگریی عێراق خولێکى نوێى ئەفسەران دەکاتەوە بۆ ئەوانەى بڕوانامەى ئامادەییان هەیە، کە نزیکەى هەزار کەس وەردەگرن. بە گوتەى جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق، هاونیشتمانیانى هەرێمى کوردستانیش دەتوانن خۆیان بۆ خولەکە ناونووس بکەن.