وەزارەتی کار: بۆ مووچەی زیاتر لە 13 هەزار کەمئەندام چاوەڕێی وەزارەتی دارایی عێراقین

22-08-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، زیاتر لە مانگێک دەبێت ناوی زیاتر لە 13 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەتیان بۆ بەغدا ناردووە بۆ ئەوەی مانگانە مووچەیان بۆ دابینبکرێت."
 
زەکیە سەید ساڵح، بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 75 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت مانگانە هاوکارییەک وەکو مووچە وەردەگرن، بەڵام ئەوە ژمارەی کۆتایی نییە، لە ساڵی 2022ـوەوە پڕۆژەیەکمان بۆ ناونووسکردنی ئەوانەی دیکەی ماون، دەستپێکرد و لیستێکی 13 هەزار و 126 کەمئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەتمان ئامادەکرد."
 
دوای ئامادەکردنی لیستەکە لەلایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لیستەکە رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە، بەمەبەستی بڕینەوەی مووچە بۆیان.
 
زەکیە سەید ساڵح گوتی "چاوەڕێی رەزامەندیی وەزارەتی دارایی عێراقین بۆ ئەوەی ئەوانیش بخرێنە نێو لیستی مووچەوە."
 
پێشتر لیژنەیەک ئەو کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەتانەی بینیوە، رێژەی کەمئەندامی و جۆرەکانی دیاریکردووە، لیژنەی پزیشکی یەکلایی کردووەتەوە و وەزارەتیش پەسندی کردووە.
 
بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 75 هەزار کەمئەندام مووچەیان هەیە، ئەوانەی فەرمانبەر نین، مووچەکانیان 150 هەزار دینارە، ئەوانەشی فەرمانبەرن 100 هەزار دینار لە حکومەت وەردەگرن.
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە