ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە: قایمقامی خانەقین و دوو بەڕێوەبەری ناحیە دەدرێنە کورد

22-08-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە رایدەگەیێنێت، کورد ژمارەیەک پۆستی لە حکومەتی خۆجێی پارێزگاکە و ئەنجوومەنی پارێزگا دەبێت، لەوانە قایمقام و بەڕێوەبەری دوو ناحیە، دەشڵێت، قایمقامی خانەقین پشکی کورد دەبێت.
 
ئەوس ئیبراهیم، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هێشتا سەرۆکایەتیی لیژنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە یەکلایی نەکراونەتەوە، بەڵام وەکو کورد سەرۆکایەتیی لیژنەیەک، جێگری سەرۆکی لیژنەیەک، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەن وەردەگرین، بەڵام هێشتا لەو چوار لیژنەیەی ماون دیار نییە، سەرۆکایەتیی کامیان دەبێت، لیژنەیەکی خزمەتگوزاری دەبێت یان پلاندنان یان ئاوەدانکردنەوە."
 
سەبارەت بە پۆستەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە پارێزگاکە، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگا گوتی، "ئێمە جگە لە یاریدەدەری پارێزگار، پۆستی قایمقام و بەڕێوەبەری دوو ناحیە وەردەگرین، جگە لەوەی قایمقامی خانەقین وەردەگرین، هێشتا روون نییە بەڕێوەبەرانی کام دوو ناحیە وەردەگرین، ئەوە بۆ دانوستاندنەکان ماوەتەوە."
 
ئەوس ئیبراهیم کە تاکە ئەندامی کوردی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالەیە، دەڵێت: "کورد 25٪ـی پۆستەکانی پارێزگاکەی بەردەکەوێت."
 
ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، 15 کورسیی هەیە، کە حەوتیان لە فراکسیۆنەکانی عەرەبی سوننەن و حەوتی دیکەیشیان لە فراکسیۆنەکانی عەرەبی شیعەن، ئەندامەکەی دیکەش لە پشکی یەکێتییە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە