حیزبى دەعوە لە زیقار: هەوڵى تیرۆرکردنى جێگرى پارێزگار درا

22-08-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نووسینگەى زیقارى حیزبى دەعوە رایگەیاند: هەوڵى "تیرۆرکردنى" جێگرى پارێزگار دراوە کە سەر بەو حیزبەیە. بە گوتەى پەرلەمانتارێکى پشکى زیقار لە حیزبى دەعوە، نیو کیلۆ تەقەمەنى لەبەردەم ماڵەکەى دانراو بۆ ئەوەى لە دوورەوە بتەقێندرێتەوە.
 
عارف حەمامی، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا کە حیزبى دەعوە پێکهێنەرى سەرەکییەتى، 22ى ئابی2024 بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "بەیانى ئەمڕۆ هەوڵى تیرۆرکردنى عەبدولڕەزاق عززیی، جێگرى پارێزگارى زیقار دراوە لە رێگەى دانانى نیوکیلۆ تەقەمەنى لە بەردەم ماڵەکەیدا و بەشێوەیەک لە دوورەوە بیتەقێننەوە، بەڵام ئاشکرابووە و هێزە ئەمنییەکان پووچەڵیان کردووەتەوە". 
 
عەبدولڕەزاق عززى، لە پشکى حیزبى دەعوە ئەو پۆستەى وەرگرتووە، ئەو پارتە لەگەڵ هاوپەیمانەکانى لە چوارچێوەى لیستى دەوڵەتى یاسا، چوار کورسیی ئەنجوومەنى پارێزگای زیقاریان هەیە. 
 
عارف حەمامى کە لە پشکى زیقار ئەندامى پەرلەمانە رایگەیاند: هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان لەو هەوڵى "تیرۆرکردنە" دەستپێکردووە و کامێراکانى چاودێرییان پشکنیوە و بەمنزیکانە بکەرانى دەردەکەون. 
 
 22ى ئاب، نووسینگەى زیقارى حیزبى دەعوەى عێراق کە نوورى مالیکى سەرۆکایەتى دەکات، لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەى ئەو هەوڵەى کردووە و پێی وایە ئامانجەکە جێگرى پارێزگار و خێزانەکەى بووە و دەڵێت"ئەوانەى کە هەوڵى تیرۆکردنیان داوە، هەمان ئەو کەسانەن کە دەیانەوێت هەوڵەکانى جێگرى پارێزگار پەک بخەن بۆ ئاشکراکردنى گەندەڵى و گەندەڵکاران و سنووردارکردنیان".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە