16ـی ئادار لە عێراق کرایە پشووی فەرمی

22-05-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانى عێراق 16ـی ئادارى بە ناوى قوربانییانى دەستى رژێمى پێشوو، "کە کیمیابارانى هەڵەبجە، ئەنفال و قوربانیانى راپەڕینى شەعبانییەى شیعەکان دەگرێتەوە" کردە پشووى فەرمى. 
 
دیاریکردنى ئەو رۆژە کە کیمیابانى هەڵەبجەى تێدا کرا، لە چوارچێوەى پەسندکردنى پڕۆژەیاساى پشووە فەرمییەکان بوو، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 22-5-2024) لە پەرلەمانی عێراق دەنگى لەسەر درا. 
 
سرووە زەنگەنە، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "16ـی ئادار بۆ پڕۆژەیاساکە زیاد کرا وەک پشووى فەرمى بە ناوى قوربانییانى دەسەڵاتى پێشوو، کە کیمیابارانى هەڵەبجە، ئەنفال و راپەڕینى شەعبانییەى شیعەکان دەگرێتەوە."
 
بەگوێرەی یاساکە لە ساڵێکدا 16 رۆژ پشووی فەرمییە لە سەرجەم پارێزگەکانی عێراق، لەوانە جەژنى نەورۆز، لە 21ـی ئادار و جەژنى غەدیرى شیعەکان.
 
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامى لیژنەى شەهیدان و قوربانییان و زیندانییان لە پەرلەمانى عێراق بە رووداوی راگەیاند "واژۆمان کۆکردەوە بۆ ئەوەى 14ـی نیسان بە بۆنەى یادى ئەنفال بکرێتە پشوو، بەڵام پێشنیازەکە پەسند نەکرا و تێکەڵ بە پشووى 16ـی ئادار کرا."
 
24 پشووەکانی دیکەى نێو پڕۆژەیاسایەکە تایبەتن بە پێکهاتەکان. کریستیانەکان، دوو رۆژ، سابیئەى مەندائی شەش رۆژ و کوردانى ئێزدى 14 رۆژ پشوویان بۆ دیارکراوە، سێ رۆژ پشوو بۆ جووەکانى عێراق دیاریکراوە کە بە "موسەوییەکان" ناوبراون.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە