رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێزگای دیالە رایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی گەرما و وشکەساڵییەوە تۆمارکردنی پێوەدانی مار و دووپشک زیادیکردووە و تەنیا لە مانگی رابردوودا 168 پێوەدانی مار و دووپشک لە پارێزگاکە تۆمارکراون.
فارس عەزاری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "چارەسەرییەکانی تایبەت بە پێوەدانی مار و دووپشکمان لە پارێزگای دیالە هەیە و چارەسەرییەکان بەسەر نەخۆشخانەکانی بەعقوبە و بەلەدروز و جەلەولا دابەشکراون بۆئەوەی پارێزگاری لە نەخۆش بکرێت و دوورییەکان زۆر نەبێت."
قاوشەکانی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی فێرکاریی بەعقوبە لە مانگی تەممووزی ئەمساڵدا 168 نەخۆشی وەرگرتووە کە لە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگای دیالە مار و دووپشک پێوەی دابوون و سەرجەم نەخۆشەکان چارەسەرییان بۆ کراوە و هیچ گیانلەدەستدانێکیش بەو هۆیەوە تۆمار نەکراوە.
بەپێی قسەکانی بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی دیالە، پێوەدانی مار و دووپشکی ژەهراوی لەم هاوینەدا بە رێژەی 60% زیادیکردووە، بەتایبەت لە گوندەکان. لەبارەی هۆکارەکەشیەوە دەڵێت، "بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و وشکەساڵییەوە بووە."
هاووڵاتییانی عێراق، بەتایبەت گوندنشینان، لە هاوین و وەرزی گەرمادا زۆربوونی خشۆک و مار و دووپشکە ژەهراوییەکان نیگەرانی کردوون، چونکە لەو وەرزەدا لە کونەکانیان دێنە دەرەوە و بەرەو ماڵ و گۆڕەپان و کێڵگەکان دەڕۆن.
مار، مشک و جرجەکانیش گەیشتوونەتە قوتابخانەکان و مەترسییان لەسەر قوتابیانی ناوچە گوندنشینەکان لە عێراق دروستکردووە.
عێراقییەکان لەسەر ئەو دۆخانە لە هەموو هاوینێکدا راهاتوون، بەڵام بەرزبوونەوەی زۆری پلەکانی گەرما و وشکەساڵی، کە زیانی زۆری بە ناوچە کشتوکاڵییەکان گەیاندووە، وایکردووە ئەو زیندەوەرانە بچنە نێو ماڵان.
بەپێی پسپۆڕانی کەشوهەوا، عێراق زۆرینەی کات لە ماوەی وەرزی هاویندا کاریگەرە بە درێژبوونەوەی بارستایی هەوای گەرم و وشکیی ناوەڕاستی ئاسیا، کە دەبێتە هۆی ئەوەی بەشێک لە رۆژانی ئەو وەرزە پلەکانی گەرما بۆ سەروو 50 پلەی سیلیزی لە هەردوو ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بەرز ببنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ