وەزیرەکەی سەدر: خودا لە ئاسمانەوە پشتیوانیی 'شۆڕشی چاکسازی' دەکات

21-08-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیرەکەی سەدر دەڵێت، لەبەر 10 هۆکار "شۆڕشی چاکسازی" لە ئاسمانەوە پشتیوانی دەکرێت، دووبارەش هێرش دەکاتە سەر نووری مالیکی و دەڵێت، "لای دۆستەکانی پێش دووژمنانی کارەکانی دەرکەوت." هەروەها عەلی عەللاوی، وەزیری پێشووی دەستلەکارکێشاوەی دارایی عێراق بە "گەندەڵی و چاوپۆشی لە گەندەڵکاران" تۆمەتبار دەکات و ناکۆکیی نێوان لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و رەتکردنەوەی لەلایەن مەرجەعیەت و خەڵک، بە هۆکاری پێکنەهێنانی حکومەت ناودەبات.
 
ساڵح محەممەد عێراقی، ناسراو بە وەزیرەکەی سەدر، راگەیێندراوێکی لەبارەی خۆپێشاندانەکانی رەوتی سەدر بڵاوکردەوە، کە بە "شۆڕشی چاکسازی" ناویهێناوە و، دەڵێت، "خۆشەویستان پشتیوانیی شۆڕشی چاکسازی بکەن، ئەوە نیعمەتە میدیا پشتیوانی لە شۆڕشی چاکسازی بکات، هۆزەکان پشتیوانیی شۆڕشی چاکسازی بکەن. کاتێک هەستدەکەیت هاوسۆزی لەگەڵ شۆڕش لە زیادبوونە، ئەوەش نیعمەتە، بەڵام کاتێک هەستدەکەیت دەستانێکی ئاسمانیی خودایی لەگەڵ شۆڕشی چاکسازی هاوسۆزە، ئەوە نیعمەت نییە بە تەنیا، بەڵکو بەڵگەیەکی خواییە لەسەر رەوایەتیی شۆڕش و راستگۆیی لە ئاسمان و زەوی پێکەوە."
 
وەزیرەکەی سەدر ئاماژەی بەوەش کردووە، رەنگە کەسێک بپرسێت "چۆن ئەوە دەبێت؟" بۆ ئەمەش 10 هۆکار دەهێنێتەوە کە ئەمانەن:
 
یەکەم: چالاککردنی هەندێک [کەس] لە ترسی دەستەی دەستپاکی و ئاشکراکردنی دۆسیە بچووکەکانی گەندەڵی و چاوەڕانیی سەرانی گەندەڵییە گەورەکانین.
 
دووەم: دەستلەکارکێشانەوەی وەزیرێکی تۆمەتبار بە گەندەڵی و چاوپۆشیکردن لە گەندەڵکاران.. تاقیکراوەش تاقیناکرێتەوە.
 
سێیەم: دەنگە دزەپێکراوە دڵنیابووەوەکان کە تێیدا هانی کوشتن و تێکدان و شەڕکردن و ئاشووب دەدرێت، تاوەکو نەریتەکانی لەلای قوتابیانی پێش دووژمنەکانی ئاشکرا ببێت.
 
چوارەم: ئەو بارانەی بەسەر نەجەفی پیرۆزدا باری، ئەوەش بە واتای ئەوە دێت بە بەڵگەوە شۆڕش لەلای خوای گەورەوە پشتیوانی لێدەکرێت.
 
پێنجەم: ئەو گرتە ڤیدیۆییەی یەکێک لە پایەکانی گەندەڵی، کە مێژووەکەی هاوتای تویتێکی بەڕێز سەرکردە سەدر بوو، لە تۆڕەکانی سۆشیاڵ میدیا بڵاوبووەتەوە.
 
شەشەم: رەزامەندیی فراکسیۆنە گەورەکانی سوننە و کورد، بەڵکو هەندێک لە شیعەکانیش لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە و لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران و هەندێک هەمواری دەستووری.
 
حەوتەم: مایەپووچبوونی فراکسیۆنە گەندەڵەکان و بێ تواناییان لە بەرگریکردن لە خۆیان تەنیا بە لاساییکردنەوەی هەنگاوەکانی هەندێک لە چاکسازان نەبێت بە خۆپێشاندان و مانگرتن لە لایەک و چوونیان بۆ وڵاتانی دراوسێ تاوەکو نێوەندگیربن لە لایەکی دیکە.
 
هەشتەم: رەتکردنەوەی رووبەڕووبوونەوەی ئاشکرا کە بووە هۆی ئابڕووبردنیان لەبەردەم گەل و لاوازکردنی هەڵوێستیان و زیادبوونی هاوسۆزی لەگەڵ شۆڕش.
 
نۆیەم: گرژتر بوونی ناکۆکییەکانی نێوانیان، بە شێوەیەک کە نەیانتوانی حکومەتێکی تاقیکراو پێکبهێنن، کە مەرجەعیەت رەتیکردووەتەوە و گەل پێشوەخت رەتیکردەوە.
 
دەیەم: ئابڕووبردنی شەرمهێنەری باڵیۆزی گەندەڵی "نەوەک هی عێراق" لە شانشینی ئوردنی هاشمی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە