دادگەى فیدراڵى سکاڵایەکى لەبارەى دابەشکردنى کورسییەکانى پەرلەمانى کوردستان رەتکردەوە

21-05-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، سکاڵاکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانى لە بارەى دابەشکردنی کورسییەکانى پەرلەمان رەتکردەوە، بە پاساوى ئەوەى "دەستەى دادوەریى هەڵبژاردن چارەسەرى ئەو کێشەیەى کردووە، کە سکاڵاکەى لەبارەوە تۆمار کراوە."
 
رەتکردنەوەى ئەو سکاڵایە لە دووەم دانیشتنى دادگەى فیدراڵى بوو، کە ئەمڕۆ سێشەممە، 21ى  ئایاری 2024 کردی.
 
سکاڵاکە لە دژی دابەشکردنی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان، کورسیی پێکهاتەکانی تورکمان و کریستیان تۆمارکراوە. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان  داوای کردبوو دادگەکە مادە دووی سیستمی تۆمارکردنی لیستی بەربژێران و پەسندکردنی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 7ـی ساڵی 2024 بە نادەستووری بزانێت.
 
سەرچاوەیەک لە دادگەى فیدراڵییەوە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "سەرۆکى دادگە ئاماژەى بەوەدا کە هۆکارى رەتکردنەوەى ئەو سکاڵایە ئەوەیە دەستەى دادوەریى هەڵبژاردن لە 20ى ئایار بڕیارێکى لەبارەى دابەشکردنی کورسییەکانى پەرلەمان دەرکردووە و ئەو کێشەیەى چارەسەرکردووە کە سکاڵاکەى لەسەر تۆمارکراوە."
 
بەگوێرەى بڕیارەکەى دەستەى دادوەریی هەڵبژاردن، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراق ناچار دەکات پێنج کورسیی پەرلەمانى کوردستان بۆ کۆتاى پێکهاتەکان دابنێت، بەشێوەیەک کورسییەکى ئەرمەن بۆ دهۆک، دوو کورسیی تورکمان و کریستیان بۆ هەولێر، دوو کورسیى تورکمان و کریستیان بۆ سلێمانی تەرخان بکرێت. 
 
ئەو سەرچاوەیەى رووداو گوتى: "سەرۆکى دادگە گوتى دواى ئەو بڕیارە، شتێک نەماوەتەوە دادگەى فیدراڵى تاوتوێى بکات". 
 
دادگەى فیدراڵى ئەو بڕیارە فەرمانسالارییەشى هەڵوەشاندەوە کە لە 7ى ئایار دەریکردبوو بۆ راگرتنى رێکارەکانى کۆمیسیۆن بۆ ئامادەکاریى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، تاوەکو ئەو سکاڵایە یەکلا دەکرێتەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە