ئەمڕۆ دادگەی فیدراڵی سکاڵاکەی مەسرور بارزانی تاوتوێ دەکات

21-05-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە ئەمڕۆ دادگەی فیدراڵیی عێراق تاوتوێی سکاڵایەکی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات، کە دژی سیستمی دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان و نەهێشتنی کورسیی کۆتاکان تۆماری کردووە.
 
تاوتوێکردنی سکاڵاکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دوای ئەوە دێت، یەکشەممەی رابردوو دادگەکە دانیشتنی لەبارەی سکاڵاکەوە دواخستبوو بۆ ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی ئایاری 2024.
 
سکاڵاکە لە دژی دابەشکردنی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان، کورسیی پێکهاتەکانی تورکمان و کریستیان، تۆمار کراوە. داوا دەکات دادگەکە ئەو دابەشکارییەی کۆمیسیۆن کردوویەتی بە نادەستووری بزانێت و رێکارەکانی کۆمیسیۆن تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رابگیرێن.
 
مەسرور بارزانی، کە رۆژی 6ـی ئایاری 2024، سکاڵاکەی تۆمار کردووە، داوایکردووە، دادگەکە مادە دووی سیستمی تۆمارکردنی لیستی بەربژێران و پەسەندکردنی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 7ـی ساڵی 2024 بە نادەستووری بزانێت. 
 
لە مادەی دووی ئەو سیستمە هاتووە: 
 
یەکەم: هەرێمی کوردستانی عێراق دەکرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن "هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە."
 
دووەم: پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە 100 کورسی پێکدێت، بەسەر ئەم بازنانە دابەش دەبێت:
 
1- پارێزگای هەولێر: 34 کورسی
2- پارێزگای سلێمانی: 38 کورسی
3- پارێزگای دهۆک: 25 کورسی
4- پارێزگای هەڵەبجە: 3 کورسی
 
سکاڵاکار لە سکاڵاکەیدا دەڵێت لەو سیستەمەدا "پێشێلکاریی دەستووری" هەیە، جگە لەوەی بۆ دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان پشت بە ژمارەی دەنگدەران نەوەک ژمارەی دانیشتووان بەستراوە، ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە نەهێشتنی کورسییەکانی کۆتای پێکهاتەکان دژی چەندین بڕگەی دەستوورییە.
 
دوای ئەو سکاڵایە رۆژی دووشەممە، 13ـی ئایاری 2024، سێ سکاڵای دیکە لەلایەن ژمارەیەک کەسایەتی و لایەنی کریستیان و پارێزەرێکەوە لە دژی نەهێشتنی کورسیی پێکهاتەکان و کریستیانەکەوە تۆمارکران.
 
رۆژی 22ی شوباتی 2024 دادگەی باڵای فیدراڵی 11 کورسی کۆتای پێکهاتەکانی لە پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشاندەوە کە پێنج کورسی بۆ کریستیان و پێنج کورسیی بۆ کۆتای تورکمان و یەک کورسیش بۆ کۆتای ئەرمەن بوو.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە