رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی لە دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان، گرژی و ناکۆکیی تووند لەنێوان فراکسیۆنەکان لەنێو هۆڵی پەرلەمان دروستبوو، ئەندامانی پارتی تەقەدووم باسی کشانەوەیان لە پرۆسەی سیاسی دەکەن.
کشانەوەی تەقەدووم وەک باس دەکرێت لە ئەگەری فەرامۆشکردنی شایستەی هەڵبژاردنیانە، کە ئەو پۆستە بە زۆرینەی نێو سوننە نەدرێت؛ بەڵام هەندێک هێزی دیکەی سوننە پێیانوایە ئەمە تەنیا گوشارە.
رەعد دەهلەکی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی عەزم دەڵێ "پێموانییە تەقەدووم ئەو هەنگاوە بنێت، دەکرێت تەنیا ئاماژەدان بێت؛ بەڵام هەنگاوی لەم شێوەیە نانێ؛ چونکە باش دەزانێ ئەگەر لە پرۆسەی سیاسی دەرچێت، کەسانی دیکە شوێنی دەگرنەوە، بۆیە ئەمە تەنیا ئاماژەیەکە بۆ فراکسیۆنە سیاسییەکان بۆ ئەوەی ئەو خواستە بەدیبهێنین کە هیوای بۆ دەخوازن. مافی خۆیانە و هەموو هەنگاو و بژارەکان کراوەن، هەروەک بۆ ئەوانی دیکەش کە چی هەڵدەبژێرن."
رێککەوتنی سیاسی و گەرەنتی، خاڵی یەکلاکەرەوەن بۆ کۆتاییهاتنی قەیرانی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان. پەرلەمانتاران جەخت لەوە دەکەنەوە؛ پێویستە بەگوێرەی دەستوور و یاسا، دەرچەیەک بۆ کۆتاییهاتنی ئەو کێشەیە بدۆزرێتەوە.
ئەمیر مەعمووری، پەرلەمانتاری شیعەی سەربەخۆیە و دەڵێ "ئەگەر هەموارکردنەوەی هەبێت، با دەرگەی بەربژێربوونی نوێ بکرێتەوە، ئەگەر پرۆسەی هەموارکردنەوەش نەبێت، ئەوا هەندێک لە برایان بایکۆت دەکەن. تاوەکو ئێستا ئەم هەڵبەزین و دابەزینە هەیە؛ بەڵام رێککەوتن و گفتوگۆش هەیە، هەمووان دەیانەوێت ئەو دۆسیە چارەسەر بێت و پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بکرێت."
کات تێدەپەڕێ، بواری پەکخستنی زیاتر نییە، رۆژەکانی درێژکردنەوەی وەرزی یاسادانانی پەرلەمان بەبێ وەستان دەڕۆن، لەکاتێکدا پەرلەمانتاران بە ئەستەمی دەزانن پێش جەژنی قوربان ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ