لە دادگەی فیدراڵی سکاڵا لە دژی خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای باری کەسی تۆمارکرا

20-08-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی عێراق لە دادگەی فیدراڵی تانەی لەو کۆبوونەوەیەی پەرلەمان دا، کە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەمواری یاسای باری کەسی  تێدا کرا، پارێزەری ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: "لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران ئامادە نەبوون. سکاڵاکەش لە بنەڕەتدا دژی هەموارەکەیە."

نوور نافع جلیحاوی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە دادگەی فیدراڵی تانەیان لە دانیشتنی ژمارە پێنجی وەرزی یاسادانانی دووەمی ساڵی 2024ـی پەرلەمان داوە، کە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەمواری پڕۆژەیاسای باری کەسی تێدا کرا، چونکە "لەو کۆبوونەوەیەدا سەرپێچیی دەستووری و پێشێلکردنی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان کراوە."
 
محەممەد جومعە، پارێزەری ئەو پەرلەمانتارە بە رووداوی گوت: "لە ناوەڕۆکدا تانەکە دژی خوێندنەوەی یەکەمی یاسای هەمواری یاسی باری کەسییە و پەرلەمانتار ئەو رەشنووسە رەتدەکاتەوە، چونکە کێشەی گەورەی لێدەکەوێتەوە و دەبێتە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی زۆر خێزان و کاریگەریی نەرێنیی لەسەر شیرازەی کۆمەڵگە دەبێت."
 
دوای مشتومڕێکی زۆر، رۆژی 4ـی ئابی 2024، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ رەشنووسی هەمواری یاسای باری کەسی کرد، بە گوتەی ئەو پارێزەرە: "سەرەتا 178 پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنەکە بوون، بەڵام دواتر 15 ئەندام چوونە دەرەوە، بۆیە رێژەی پێویستی ئەندامان لە هۆڵەکەدا نەبوو."
 
رۆژی شەممە، 17ـی ئابی 2024، رێکخراوى چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (هیومەن رایتس وۆچ) رایگەیاند، هەمواری یاسای باری کەسی رێگە بە مەرجەعەکانی ئایینی دەدات لەجیاتی یاساکانی دەوڵەت کاروباری هاوسەرگیری و میرات لە دژی مافەکانی بنەڕەتی رێکخبەن: "هەموارەکە شوێنەواری کارەساتبار لەسەر مافەکانی کچان و ژنان بەجێدەهێڵێت و رێگە بە هاوسەرگیریی منداڵی خوار تەمەن 9 ساڵ دەدات".
 
هەمواری یاسای باری کەسی لەلایەن رائید مالیکی، پەرلەمانتاری سەربەخۆ پێشکێش کراوە، هەموارێکی مشتومڕهەڵگرە. رۆژی 24ـی تەمموزی 2024، بەهۆی ناکۆکی لەسەر پڕۆژەکە، پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەموارەکە دواخست، بەڵام لە کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممە، 4ـی ئەم مانگەی پەرلەمان، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا.
 
بەپێی هەموارەکە، مادەی دووەمی یاساکە هەمواردەکرێتەوە و بڕگەی سێی بۆ زیاد دەکرێت کە ئەمانەی تێدایە: 
 
- دیاریکردنی مەزهەب بۆ ئەوەی گرێبەستی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لەسەر بکرێت و حوکمەکانی ئەو مەزهەبەیان بەسەردا جێبەجێ بکرێت.
 
- هەر کەسێک پێشتر ئەو خاڵەی سەرەوەی جێبەجێ نەکردووە، دەتوانێت داواکاری بۆ هەڵبژاردنی مەزهەب پێشکێش بکات.
 
- ئەگەر ناکۆکی لەنێوان هاوژینەکان هەبوو لەبارەی ئەو مەزهەبەی بەپێی حوکمەکانی گرێبەست دەکەن، گرێبەستەکە بەپێی مەزهەبی پیاوەکە دەبێت.
 
- دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە پابەند دەبن پەڕاو و تۆماری حوکمە شەرعییەکان لە پرسەکانی باری کەسی دروستبکەن.
 
- تۆمار یان پەڕاوەکان حوکمەکانی باری کەسێتی بەپێی فیقهی شیعەی جەعفەری دەبێت بۆ شیعە و یەکێکی دیکە بەپێی فیقهی سوننە دەبێت، لە دانانیاندا پشت بە بۆچوونی کەسە دیارەکانی هەردوو مەزهەبەکە لە عێراق دەبەسترێت.
 
- ئەگەر دیاریکردنی ئەو کەسە دیارەی لە مەزهەبی شیعە پشتی پێدەبەسترێت کێشەی تێکەوت، ئەوا بۆچوونی ئەو مەرجەعە ئایینییە پشتی پێدەبەسترێت کە زۆرینەی شیعە لە عێراق پەیڕەوی دەکەن. لە سوننەش رای ئەنجوومەنی زانستی و فەتوا وەردەگیرێت.
 
خاڵی دووەمی هەموارەکە ئەوەیە بڕگەی پێنج لە مادەی 10 لادەبرێت و ئەم دەقە شوێنی دەگرێتەوە، "دادگەی باری کەسێتی گرێبەستەکانی هاوژینی پەسند دەکات، دوای ئەوەی لەلایەن کەسانی رێگەپێدراوەوە لە دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە یان لایەنێکی شەرعی یان یاسایی پەسند دەکرێن".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە