نێردەی هاوکاری نێودەوڵەتی لە عێراق سکاڵا لە دژی هەرێمی کوردستان تۆماردەکات

20-08-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نێردەی هاوکاری نێودەوڵەتی لە عێراق لە دادگەی باڵای فیدڕاڵی عێراق، سکاڵایەک لە دژی هەرێمی کوردستان تۆماردەکات.
 
بەگوێرەی خشتەکانی کۆبوونەوەکانی، بڕیارە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، 25ـی ئەم مانگە، بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەک کۆببێتەوە، کە لەلایەن نێردەی هاوکاری نێودەوڵەتی لە عێراق و سادق عەلی ئەسغەر حوسێنی، بەڕێوەبەری سەنتەری دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی نێردەکە تۆمارکراوە. 
 
لە سکاڵانامەکەدا کە لەدژی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، نێردەکە چوار داواکاریی لە دادگەکە کردووە، کە پەیوەستن بە گومرک و هاوردەکردنی کەرەستەکانیان لە دەرەوەی عێراق.
 
لە سکاڵاکەدا داوا لە دادگەکە کراوە بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ راگرتنی جێبەجێکردنی سێ یاسا، کە بەشێکیان بە پشتبەستنە بە رێککەوتننامە نێوەدەوڵەتییەکانی پەیوەندیدار بە گواستنەوەی نێودەوڵەتیی زەوینییەوە، هەڵبوەشێندرێنەوە.
 
بەپێی سکاڵانەمەکە چوار داواکارییەی نێردەکە بریتین لە:
 
1- هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە پەکخستنی جێبەجێکردنی یاسای گومرکی ژمارە 23ـی ساڵی 1984ـی بەکار و هەمواری جێبەجێکردنی رێسا گومرکییە کارپێکراوەکانی تایبەت بە سیستەمی گواستنەوە (ترانزێت).
 
2- هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە پەکخستنی یاسای ئەندامبوونی عێراق لە رێککەوتننامەی گواستنەوەی نێودەوڵەتیی زەوینیی ژمارە 6ـی ساڵی 1975ـی کارپێکراو.
 
3- هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە پەکخستنی جێبەجێکردنی یاسای پەسندکردنی رێککەوتننامەی نێودەوڵەتیی زەوینی لەنێوان عێراق و تورکیا ژمارە 193ـی ساڵی 1980ـی بەرکار.
 
4 - دادگەکە بڕیارێکی بەپەلە دەربکات بۆ پابەندکردنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ قەدەخەنەکردن و سنووردارنەکردنی ئەو کەرەستانەی بۆ نێردەکە و سەنتەرە پزیشکییەکەی لە عێراق دێن، بەپێی یاساکانی سەرەوەی ئاماژە بۆ کراو لە سکاڵاکە.
 
نێردەکە پاساوی ئەوەی هێناوەتەوە نێردەکەیان لەژێر چەتری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کاردەکات و رێککەوتننامەی ڤییەنا بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ساڵی 1961 دەیگرێتەوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو کە لە سەرچاوەیەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئاگاداری سکاڵاکە وەریگرتووە، دادگەکە سکاڵاکە رەتدەکاتەوە، چونکە وەکو ئەو دەڵێت "لە تایبەتمەندیی دادگەی فیدراڵیدا نییە."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە