ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا: کارەبا کەمە و نرخی ئەمپێری موەلیدە بەرزبووەتەوە

19-10-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا دەڵێت، کارەبا کەمە و نرخی ئەمپێری موەلیدەش بەرزبووەتەوە.
 
عامر داوود فەیلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا رۆژی شەممە 19-10-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا قەیرانی گاز لە بەغدا بەردەوامە.
 
بە گوتەی عامر داوود فەیلی، پێشتر حکومەت بە نرخی پاڵپشتیکراو لیتری گازی بە 250 دینار دەدایە خاوەن موەلیدە تایبەتەکان، بەڵام ئێستا بۆ 400 دینار زیادیکردووە. جگە لەوە، بڕەکەشی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکردووەتەوە.
 
وەکو عامر فەیلی باسی دەکات، ئەو کەمکردنەوەیە وایکردووە، خاوەن موەلیدەکان ناچاربن گاز لە بازاڕی رەش بکڕن؛ هەندێک کات لیترێک گاز بە هەزار دینار دەکڕن.
 
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا دەڵێت، ئەو دۆخەی هەیە وایکردووە نرخی کارەبای مۆلیدە زیادبێت، بۆ نموونە، نرخی ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە لە مانگی تەمموز 8 هەزار دینار بوو، ئێستا بووەتە 12 هەزار دینار.
 
لەبارەی رەوشی کارەبا، عامر فەیلی گوتی، لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەک جیاوازە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتیی خراپە، بە جۆرێک لە هەندێک شوێن 4 کاژێر کارەبای نیشتمانی هەیە و 2 کاژێر دەبڕێت و ئەو 2 کاژێرە موەلیدەیە و دواتر کارەبای نیشتمانی دێتەوە و بەو جۆرە بەردەوام دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە