بەرگریى شارستانیى عێراق بۆ رووداو: سبەى رێنمایی بۆ خۆپارێزى لە گەرما بڵاودەکەینەوە

19-06-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەرگریى شارستانیى عێراق رێنمایی لە بارەى چۆنێتى خۆپارێزى لە گەرما و رێگرى لە ئاگرکەوتنەوە بڵاودەکاتەوە، لەوانە بەجێنەھێشتنى شوشەى بۆن و چەرخ لە ناو ئۆتۆمبێل.
 
ئەو رێنماییانە هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنى وەرزى هاوین و ئەو شەپۆلەى گەرمایە بڵاودەکرێتەوە، کە 20ى حوزەیران عێراق دەگرێتەوە و پێشبینی دەکرێت پلەى گەرمای هەندێک لە شارەکان بگاتە سەرووی 50 پلەى سیلیزى. 
 
ئەو شەپۆلە گەرمایەى لە 17ى حوزیرانەوە عێراقى گرتووەتەوە، بۆ پێنجشەممە دەگاتە ترۆپکى خۆی و پلەى گەرما نۆ  پارێزگاى عێراق بۆ سەروو 50 پلەى سیلیزى بەرزدەبێتەوە.
 
نەواس سەباح شاکر، هاوئاهەنگیکارى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیی عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: بۆ رێگرى لە زیانەکانى بەرزبوونەوەى پلەى گەرمی و ئاگرکەوتنەوە، رۆژی 20ى حوزەیران چەند رێنماییەک بڵاودەکەنەوە.
 
ئەو شەپۆلە گەرمایە، یەکەم جارە لە ئەمساڵدا روو لە عێراق بکات کە بەگوێرەى دەستەى کەشناسی و بوومەلەرزەزانى عێراق بەراورد بە ساڵى رابردوو مانگێک پێشکەوتووە.
 
نەواس سەباح شاکر گوتی، "گرنگترین رێنماییەکان ئەوە دەبێت کە شووشەى بۆن، چەرخ و بۆتڵى ئاو لەناو ئۆتۆمبێل جێنەهێڵدرێت و بەشێک لە جامى ئۆتۆمبێل بکرێتەوە."
 
ساڵانە بەرگریى شارستانیى عێراق لە سەرەتاى وەرزى هاوین رێنمایی بۆ چۆنێتى خۆپارێزى لە کاریگەرییەکانى بەرزبوونەوەی پلەى گەرما بڵاودەکاتەوە.
 
هاوئاهەنگیکارى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیی عێراق رایگەیاند، لە رێنماییەکانى دیکە بەجێنەھێشتنى ئامێرى فێنککردنەوە بە داگیرساوى لە ماڵەوە، گوشارنەخستنە سەر جۆزە و هێڵەکانى کارەبا زیاتر لەوەى لە توانایاندایە و دوورکەوتنەوە لە بەرکەوتنی راستەوخۆى تیشکى خۆر.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە