رووداو دیجیتاڵ
دوو پەرلەمانتارى کوردى ئێزدى لە پەرلەمانى عێراق بایکۆتى ئەو کۆبوونەوانە دەکەن کە تایبەتن بە هەموارى یاساى لێبووردنى گشتى. یەکێک لەو پەرلەمانتارانە دەڵێت، گومانیان هەیە ئەو هەموارە ببێتە هۆى ئازاکردنى چەکدارانى داعش.
ڤیان دەخیل و شەریف سلێمان ئەو دوو پەرلەمانتارەن کە بڕیاریان داوە بایکۆتى ئەو کۆبوونەوانەی پەرلەمانی عێراق بکەن، کە تایبەتن بە تاوتوێکردنى ئەو پڕۆژەیاسایە.
چوارشەممە 18-09-2024 شەریف سلێمان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بایکۆتکردنى کۆبوونەوەى تایبەت بە تاوتوێکردنى ئەو یاسایە، وەک رێزلێگرتنێکە بەرامبەر بە خوێنى شەهیدانى کوردى ئێزدى و پێشمەرگە.
ئەو دوو پەرلەمانتارە بایکۆتى کۆبوونەوەى 16ى ئەیلوولى پەرلەمانیان کرد کە تێیدا خوێندنەوەى دووەم بۆ ئەو پڕۆژەیاسایە کرا. هەردوو پەرلەمانتارەکە لەسەر لیستى ناوى ئامادەبوووانى کۆبوونەوەى پەرلەمان نووسیوویانە، کە ئامادە نابن بەهۆى ئەوەى هەموارى یاساى لێبووردنى گشتى لە خشتەى کۆبوونەوەکە دانراوە.
لە هەموارى دووەمى یاسای لێبووردنى گشتى ساڵى 2016، یەک مادە زیاد کراوە کە دەڵێت: "مەبەست لە تاوانى ئینتیما بۆ رێکخراوە تیرۆریستییەکان هەموو ئەو کەسانەیە کە کاریان لەگەڵ رێکخراوە تیرۆریستییەکان کردووە یان چەکدارى بۆ ئامادە کردوون، یان تاوانێکى کردووە، یان بەهەر شێوەیەک بێت هاوکار بووە لە جێبەجێکردنى کارێکى تیرۆریستى یان ناوى لە لیستى رێکخستنى گرووپە تیرۆریستییەکاندا بێت".
شەریف سلێمانى گوتى: "لەگەڵ ئەوەین کەسانى بێتاوان ئازاد بکرێن، بەڵام گومانمان هەیە لە رێگەى ئەو هەموارەوە تاوانبارانى داعش ئازاد بکرێن، لە کاتێکدا کوردانى ئێزدى مافى خۆیان وەرنەگرتووە و نەگەڕاونەتەوە شنگال، چۆن دەبێت ماف بۆ تاوانلێکراو نەگەڕێنرابێتەوە و تاوانبار ئازاد بکرێت".
ئەو هەموارە داواکاریى سەرەکى سوننەکانە، بە گوتەى خۆیان ژمارەیەک لە سوننەکان بەبێ تاوان لە بەندیخانەکان راگیراون یان سزادراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ