دادگەی فیدراڵی شەش سکاڵای لە دژی خشتەکانی بودجەی عێراق رەتکردەوە

18-08-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا، دادگەی فیدراڵی شەش سکاڵای رەتکردەوە، کە لە دژی پێنج بەرپرسی باڵا لەبارەی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024 تۆمار کرابوون، سەرجەم سکاڵاکانیشی بە یەک پاساو رەتکردەوە.

رۆژی یەکشەممە 18ی ئابی 2024 دادگەی باڵای فیدراڵی بۆ تاوتوێکردنی حەوت سکاڵا کۆبووەوە، شەشیان لەبارەی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024 لە دژی سەرۆکوەزیران، سەرۆکی پەرلەمان، وەزیری دارایی، وەزیری پلاندانان و وەزیری نەوت تۆمار کراون.

سکاڵاکان لەلایەن پێنج پەرلەمانتار و پارێزگاری مەیسانەوە لە دژی بڕیاری پەسندکردنی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024ی عێراق تۆمار کرابوون، دوای تاوتوێکردنیان دادگەی فیدراڵی بڕیاری رەتکردنەوەی دان، پاساوی رەتکردنەوەکەشی ئەوەیە، "سکاڵاکان مەرجی بەرژەوەندییان تێدا نییە، کە بۆ سکاڵاکردن پێویستە."

سکاڵاکاران داوایان کردبوو دادگەکە بڕیاری ژمارە 64ی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە پەسندکردنی خشتەکانی بودجەی عێراق لە 3ی حوزەیرانی ئەم ساڵ بە نایاسایی هەژمار بکات.

رائید مالیکی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "بە ئومێدی ئەوە بووین دادگەی فیدراڵی بڕیار لە بەرژەوەندیی سکاڵاکارەکان بدات، چونکە خەرجکردنی بڕی 211 تریلیۆن دینار بە تاوتوێکردنی چەند خولەکێکی کەم لە پەرلەمان گوناهە و نەدەبوو رووبدات."

بڕیاری 64ی پەرلەمانی عێراق کە رۆژی 3ی حوزەیرانی ئەم ساڵ دەرچوو، تایبەت بوو بە پەسندکردنی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024ـی عێراق.

بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2024، تەنیا خشتەکانی نێردرایە پەرلەمان، بەو پێیە بودجەی سێ ساڵییە "2023، 224 و 2025." قەبارەی خەرجییەکانی بودجە 211 تریلیۆن و 900 ملیار دینار و  داهاتەکانیش 147 تریلیۆن و 800 ملیار دینارە، کورتهێنان 64 تریلیۆن دینار دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە