لە کەربەلا گۆڕانى کەشوهەوا ئاوى دەریاچەى رەزازە و ماسییەکانى کەمکردوونەتەوە

18-06-2024
هەستیار قادر
دەریاچەی رەزازە لە کەربەلا
دەریاچەی رەزازە لە کەربەلا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەریاچەى رەزازەی لە کەربەلا وەک پێشوو نەماوە، ماسی و ئاوەکەى کەم بوونەتەوە. پێش وشکەساڵى و دەرکەوتنى کاریگەرییەکانى، ئەو دەریاچەیە ژینگەى چەندین جۆر ماسی بووە.
 
غەیس جەبار، راوچیى ماسی دەڵێت: "هاتووم بۆ دەریاچەى رەزازە بۆ راوەماسی، لە نەجەفەوە هاتووم، لە کاژێر سێى پاشنیوەڕۆوە تۆڕى ماسی دادەنێم تاوەکو کاژێر شەشى بەیانى، پێشتر دەریاچەکە ماسی زۆر تێدا بوو، بەڵام ئێستا کەم بووەتەوە"
 
ئاوى دەریاچەکە پشت بە رووبارى فورات دەبەستێت کە زیاتر لە سێ ساڵە 70%ـى پشکى ئاوەکەى کەم بووەتەوە. کەمبوونەوەى ئاوی دەریاچەکە، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی جۆرە جیاوازەکانی ماسییەکانیشی کە پێشتر پێی ناسرابوو.
 
جەبار عەبدولحوسێن، راوچیى ماسی باس لەوە دەکات: "ئەم دەریاچەیە بەهۆى پشتگوێخستنى و کەمبوونەوەى ئاستى ئاوەکەى، یەک جۆرە ماسى تێدا ماوە، پێشتر لە دەریاچەى حەبانیە ئاوى بۆ دەهات، بەڵام ئێستا ئەوە نەماوە و ئاوى ئاوەڕۆى تێدەچێت، پێشتر دەریاچەکە چەندین جۆرى دیکەى ماسی تێدابوو".
 
رووبەرى دەریاچەکە زیاتر لە 1800 کیلۆمەتر دووجایە، تواناى  لەخۆگرتنى زیاتر لە 26 ملیار مەتر سێ جار ئاوى هەیە، بەراورد بە پێشوو ئێستا ئاستى ئاوەکەى سێ مەتر دابەزیوە.
 
ئەحمەد جبوورى، دانیشتووى کەربەلا گوتی: "ئێستا رەزازە جیاوازە و وەک پێشتر نەماوە، پێشتر دۆخەکەى جیاواز بوو، ئاستى ئاوەکەى دابەزیوە، پێشتر بە نزیکەیى دوو کیلۆمەتر ئاو گەیشتبووە رێگەکە، خێروبێرى زۆر بوو، ئێستا ئاوەکەى لێ بڕاوە" 
 
رەزازە دووەم گەورەترین دەریاچەى دەستکردە لە عێراق، لە سەردەمى دەسەڵاتى عوسمانییەکاندا دروستکراوە. جگە لە بەرهەمهێنانى ماسی، پێشتر شوێنێک بوو بۆ سەردانی گەشتیارانى شارەکانى نێوەڕاست و باشووری عێراق.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە