رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، گرووپی چەکداریی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای ئەوفیای عێراقی و حەیدەر غەڕاوی، ئەمینداری گشتیی گرووپەکەی خستووەتە لیستی تیرۆری وڵاتەکەی.
رۆژی دووشەممە 17ی حوزەیرانی 2024 ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای ئەوفیا گرووپێکی میلیشیایی پاڵپشتیکراوی ئێرانە و بەشێکە لە مقاوەمەی ئیسلامی."
مقاوەمەی ئیسلامی، بە گوتەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، "گرووپێکە چەندین گرووپی تیرۆریستی و میلیشیای پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە لەخۆدەگرێت، لەنێویاندا کەتیبەکانی حیزبوڵڵا، بزووتنەوەی نوجەبا و کەتیبەی سەید شوهەدا، کە لەلایەن ئەمریکاوە بە رێکخراوی تیرۆریستی ناسێندراون."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، "گرووپی ئەنساروڵڵای ئەوفیا لە هێرشەکەی سەر تاوەری 22 کە کرایە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن، تێوەگلاوە. هەروەها بە ئاشکرا هەڕەشەی بەردەوامیدان بە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکای لە ناوچەکە کردووە و خەڵکی عێراقیشی تیرۆر کردووە."
18ى حوزەیرانى 2024 ئەنساروڵڵاى ئەوفیاى عێراقى لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەى ئەو بڕیارەى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکاى کردووە، پاڵپشتیى خۆی بۆ ئەمیندارى بزووتنەوەکە راگەیاند. بزووتنەوەکە دەڵێت، "ئەو سزادانە ئاماژەیە بە کاریگەریمان و هەوڵێکە بۆ شێواندنى ناو و ناوبانگمان."
رۆژی 28ی کانوونى دووەمى 2024 هێرشێکی درۆنی کرایە سەر بنکەیەکی سوپای ئەمریکا لەنێو خاکی ئوردن لە نزیک سنووری سووریا، لە ئەنجامدا سێ سەربازى ئەمریکى کوژران و 25ی دیکە بریندار بوون.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بەوەش دەکات، هەموو ئەو گرووپانەی کە خراونەتە لیستی تیرۆری وڵاتەکە، رێگەیان پێنادرێت دەستیان بە سیستمی دارایی ئەمریکا و ئەو سەرچاوانە بگات کە بۆ هێرشکردن پێویستیانە، هەروەها ماڵ و موڵک و بەرژەوەندییەکانی ئەو گرووپانە لە ئەمریکا بلۆک دەکرێن.
مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە 17ی ئۆکتۆبەری 2023، لە عێراق و سووریا، هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دەستیان بە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانان، بەتایبەتی ئەمریکا، کرد.
دوای ئەوەی ئەمریکا چەند جارێک بە تووندی وەڵامی دانەوە، لەوانەش کوشتنی ئەبو باقر ساعیدی، فەرماندەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق لە شەوی چوارشەممە 07-02-2024، لە نێوجەرگەی بەغدا، گرووپەکە هیچ هێرشێکی دیکەی نەکردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا.
گرووپە چەکدارەکەی شیعەکان ماوەیەکە هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکردووە، بە گوتەی خۆیان، تاوەکو ئێستا چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەکان و بنکە سەربازییەکان و ژێرخانی ئیسرائیل، بەڵام هیچ کام لە هێرشەکانی ئەو گرووپە لەلایەن ئیسرائیلەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
حەیدەر ئیبراهیم غەڕاوى، ئەمینداری بزووتنەوەی ئەنساروڵڵاى ئەوفیاى عێراقى، خەڵکى پارێزگاى مەیسانە. پێشتر یەکێک بووە لە ئەندامانى سوپاى مەهدى سەر بە رەوتى سەدر.
پڕۆفایلی ئەنساروڵڵاى ئەوفیا:
- بزووتنەوەى ئەنساروڵڵاى ئەوفیاى عێراق
- گرووپێکى چەکدارى شیعەیە
- لە سوپاى مەهدى جیابووەتەوە
- لیواى 19ى حەشدی شەعبی پێکدەهێنن
- ساڵى 2013 وەکو پێکهاتەیەکى سیاسی لە مەیسان دەرکەوت
- بە لیستى سیدق و عەتا بەشداریى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى 2013ى کرد
- پلەی چوارەمى هەڵبژاردنەکەى بەدەستهێنا
- ساڵى 2014 حەیدەر غەڕاوى بزووتنەوەکەى ناونا ئەنساروڵڵاى ئەوفیا
- ساڵى 2018 لە چوارچێوەى هاوپەیمانیى فەتح بەشدارى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقى کرد
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ