سوودانى: دەبێت گرێبەستەکانى نەوتى هەرێمى کوردستان یان یاساى بودجە هەموار بکەین

17-09-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، بەرهەمهێنانى نەوت لە یاسای بودجەدا، 8 دۆلارى بۆ دانراوە؛ لە کاتێکدا گرێبەستەکانى نەوت لە هەرێمى کوردستان 26 دۆلارى وەکو تێچووى بەرهەمهێنان دیاری کردووە، "دەبێت گرێبەستەکانى نەوتى هەرێمى کوردستان یان یاسای بودجە، یەکێکیان هەموار بکرێتەوە."
 
محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی "پابەندە بە کەمکردنەوەى خۆویستانەى هەناردەى نەوت و قەرەبووکردنەوەى ئەو نەوتە زیادەیەى بەرهەمى هێناوە."
 
بەپێی رێککەوتنى لەگەڵ رێکخراوى ئۆپێک، عێراق بۆى هەیە رۆژانە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت، 3.3 ملیۆن بەرمیلی هەناردە دەکات، بەڵام لە مانگەکانی سەرەتاى ئەم ساڵدا زیاتر لەو بڕە بەرهەمهێندراوە و زیادەکە گەیشتووەتە زیاتر لە 1.4 ملیۆن بەرمیل کە دەبێت ئەو بڕە قەرەبوو بکاتەوە.
 
سەرۆکوەزیرانى عێراق باسی لەوەش کرد، هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیراوە و "کێشەى یاسایی هەیە" کە پەیوەندیدارن بە بڕیارەکانى دادگەى فیدراڵى، تایبەت بە نەوت لە هەرێمى کوردستان و یاسای بودجە.
 
لە 25ى ئادارى 2023وە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیراوە؛ ئەوەش دوای بڕیارێکی دەستەی نێوبژیوانیی پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق دژی تورکیا.
 
سوودانى لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵى بلومبێرگى ئەمریکى گوتى، "یاساى بودجە خەرجیى بەرهەمهێنانى بەرمیلێک نەوتى بە هەشت دۆلار دیاری کردووە، لە کاتێکدا تێچووى بەرهەمهێنانى نەوت لە گرێبەستى کۆمپانیاکانى نەوت لە هەرێمى کوردستان بە 26 دۆلار دیاریکراوە، عێراق لەبەردەم دوو رێگەچارەدایە: گرێبەستەکانى نەوتى هەرێمى کوردستان یان یاسای بودجە هەموار بکاتەوە،" بەڵام کۆمپانیاکانى نەوت لە هەرێمى کوردستان رەتیان کردووەتەوە گرێبەستەکانى تێچووى بەرهەمهێنانى نەوت هەموار بکرێتەوە.
 
بە گوتەى سوودانى، دانوستاندن لەگەڵ هەرێمى کوردستان و کۆمپانیاکانى نەوت بەردەوامەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک لەو چوارچێوە یاساییەدا، ئەگەریش هەیە ئەم ساڵ بگەنە چارەسەر.
 
سوودانی: کۆتایی ئەرکى هاوپەیمانان لە عێراق نزیکە
 
لەبارەی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە وڵاتەکەی، سەرۆکوەزیرانى عێراق ئەوەی خستەڕوو، "وادەى راگەیاندنى کۆتایی ئەرکى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژى داعش نزیکە و لە کۆنگرەى نێودەوڵەتیى دژ بە دعش رایدەگەیێنین."
 
سوودانی ئاماژەى بەوەش دا، لیژنەى دووقۆڵیى نێوان بەغدا و واشنتن گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن لەبارەى کشانەوەى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى، کە دەبوو ئەنجامەکانى رابگەیێندرێن، بەڵام "پەرۆشی بۆ تێکەڵنەکردنى رووداوەکان و دروستبوونى لێکتێنەگەیشتن، واى کرد کە راگەیاندنى کشاندنەوەکە دوابخرێت."
 
بە گوتەی محەممەد شیاع سوودانى، پاساوەکانى بوونى هاوپەیمانى نێودەوڵەتیی دژی داعش "کۆتاییهات و پێویست بە بوونى 86 وڵات ناکات."
 
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى وەزارەتى دەرەوەى عێراق، کە لە 31ى ئاب بڵاویکردووەتەوە، کۆنگرەى نێودەوڵەتیى دژ بە داعش لە کۆتایی ئەم مانگە دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە