بەرپرسێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی: پشتگیریی مەشهەدانی دەکەین

17-05-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى داوا لە پەرلەمانتاران دەکات بەشداریی کۆبوونەوەی سبەی پەرلەمانی عێراق بکەن، کە بڕیارە سەرۆکى پەرلەمانی تێدا هەڵبژێردرێت، بەرپرسێکى ئەو هاوپەیمانێتیە دەڵێت: "دەنگ بە بەربژێرى گەورەترین فراکسیۆنى سوننە دەدەین". 
 
خشتەى کارى کۆبوونەوەکانى پەرلەمان بۆ 18ى ئایار سێ خاڵە، یەکێکیان هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمانە، هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى شەوى 16ى ئایار لەبارەى ئەو پرسە کۆبوونەوەیەکى "دەستبەجێى" کرد.    
 
ئەو هاوپەیمانێتیە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر گرنگى کردنی کۆبوونەوەى پەرلەمان کراوەتەوە لە 18ى ئایار و دەڵێت: "گرنگە سەرۆکێکى نوێ بۆ پەرلەمان هەڵبژێردرێت".
 
هاوپەیمانێتییەکە خاوەنى زۆرینەى پەرلەمانە، داواى لە پەرلەمانتاران کردووە "بەرپرسیارێتى خۆیان هەڵبگرن" و ئامادەى کۆبوونەوەکە بن بۆ یەکلاکردنەوەى ئەو پرسە کە بە گرنگ ناوى بردووە.
 
ئەحمەد عیساوى، ئەندامى دەستەى گشتیى رەوتى حیکمە کە بەشێکە لەو هاوپەیمانێتییە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بۆچوونى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لەگەڵ ئەوەیە پاڵپشتى بەربژێرى گەورەترین فراکسیۆنى سوننە بکات بۆ پۆستى سەرۆکى پەرلەمان".   
 
هەریەک لە سالم عیساوى و مەحموود مەشهەدانى لە رکابەرییدان بۆ بەدەستهێنانى ئەو پۆستە کە پشکى سوننەیە، ئەحمەد عیساوى دەڵێت: "مەشهەدانى بەربژێرى گەورەترین فراکسیۆنى سوننەیە کە 44 کورسی پەرلەمانیان هەیە."
 
لە 14ـی تشرینى دووەمی ساڵى رابردووەوە پۆستى سەرۆکى پەرلەمان چۆڵە، ئەمەش دوای بڕیارێکى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بۆ لێسەندنەوەى ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمان، کە هاوکات سەرۆکى بوو.
 
پارتی تەقەدووم، بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبوسی، پشتیوانی خۆی بۆ مەحموود مەشهەدانی راگەیاندووە، لە کاتێکدا پێشتر شەعلان کەرەیم بەربژێریان بوو، بەڵام کرەیم لە کێبڕکێی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کشایەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە