لووتکەى داهاتووى کۆمکارى عەرەبی لە بەغدا دەکرێت

17-05-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دواى نزیکەى 12 ساڵ، کۆمکارى عەرەبی بڕیاری دا لووتکەی داهاتووی لە بەغدا بکات، ئەو بڕیارە لەسەر داواى حکومەتى عێراق بووە. ئەمەش دوای ئەوەی سووریا دەستبەرداری سەرۆکایەتیکردنی لووتکەکە بوو.
 
محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق پێشوازى لەو بڕیارەى کۆمکارى عەرەبی کرد، هەروەها سوپاسی سووریاى کرد لەوەى سازشى لە سەرۆکایەتیکردنى خولى داهاتووى کۆمکارەکە کردووە بۆ بەرژەوەندیى عێراق. 
 
لوتکەى 34ـەمینى کۆمارى عەرەبی لە 2025 دەکرێت، ئەمە چوارەم جارە عێراق میوانداریی لووتکەکە بکات، دواینییان لە 2012 بوو.
 
محەممەد شیاع سوودانى بە ناوى گەل و حکومەتى عێراقەوە سوپاسی کۆمکارى عەرەبی کرد کە بەو داواکارییەیان قایل بوون، کە بۆ ئەو مەبەستە لە لووتکەى ریاز پێشکێشیان کردووە. 
         
لەساڵى 1946 تاوەکو ئێستا 33 لووتکەى کۆمکارى عەرەبی کراوە، ساڵانى 1978، 1990، 2012 بەغدا میواندارى کردووە، سوودانى گوتى: "هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ سەرخستنى لووتکەى بەغداى 2025 و پەرۆشین بۆ ئەوەى بڕیارەکانی گۆڕانێکى ئەرێنى بێت". 
 
کۆمکاری عەرەبی لە ساڵی 1945 دامەزراوە، عێراق یەکێكە لە دامەزرێنەرانی کۆمکارەکە. ژمارەی ئەندامانی کۆمکار 22 ئەندامە، هەر یەک لە هیندستان و ئەریتریا و ڤەنزوێڵاش ئەندامی چاودێرن.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە