سوودانى لیژنەیەکی بۆ بەدواداچوونى جێبەجێکردنى پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان پێکهێنا

17-05-2024
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانى عێراق لیژنەیەکى تەکنیکى پێکهێنا بۆ بەدواداچوونى رێوشوێنەکانى جێبەجێکردنى پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان، نوێنەرانى چەند بەڕێوەبەرایەتییەک و وەزارەتى دەرەوەى تێدایە.
 
ئەو بڕیارەى محەممەد شیاع سوودانى لە هەشتەمین کۆبوونەوەى لیژنەى باڵاى پڕۆژەکە بوو کە خۆى سەرۆکایەتیى دەکرد.
 
لیژنەکە بە بەشدارى بەڕێوەبەرانى گشتیی بەڕێوەبەرایەتییەکانى رێگەى ئاسنین، بەندەرەکان، رێگەوبان، گومرگ و نوێنەرێکى وەزارەتى دەرەوە دەبێت، کاریان بەدواداچوونى ئەو بڕیارانە دەبێت کە پێشتر لەبارەى پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان دەرکراون. 
 
پڕۆژەکە 1200 کیلۆمەتر دەبێت، لە رێگەى ئاسن و وشکانى پێکدێت بۆ گواستنەوەى گەشتیار و کاڵاى بازرگانى، بە 11 پارێزگای عێراق و هەرێمى کوردستان تێپەڕ دەبێت.
 
یەکێکى دیکە لە بڕیارەکانى ئەو کۆبوونەوەیە بەردەوامیدان بوو بە پەیوەندى لەگەڵ تورکیا، ئیمارات و قەتەر لە رێگەى لیژنەیەکى تایبەتەوە کە یاداشتى لێکتێگەیشتنى پەیوەنداریان بەو پڕۆژەیە واژۆ کراوە.
 
عێراق، تورکیا، قەتەر و ئیمارات لە 22ى نیسان یاداشتێکى لێکتێگەیشتنى چوارقۆڵییان لە بەغدا واژۆ کرد بۆ هاریکایی هاوبەش لە پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان. 
 
تێچووی رێگەى گەشەپێدان 17 ملیار دۆلارە، 10.5 ملیار دۆلار بە شەمەندەفەری پێشکەوتووی کارەبایی دەدرێت و 6.5 ملیار دۆلاریش تێچووی دروستکردنی هێڵە ئاسنینەکە دەبێت.
 
کارەکانی پڕۆژەکە دابەشکراوە بەسەر 15 بەش و بە سێ قۆناخ تەواو دەبێت. قۆناخی یەکەمی ساڵی 2028 تەواو دەبێت، قۆناخی دووەم 2038 و قۆناخی کۆتایی ساڵی 2050 تەواو دەبێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە