رووداو دیجیتاڵ
کێشە دەکەوێتە نێوان فەوجێک و لیوایەکى حەشدی کریستیانى لە سنوورى قەزاى قەرەقوش و بەهۆیەوە ژمارەیەک لە چەکدارانی فەوجەکە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، لەدواى ئەوەى ناڕەزایەتى لە دژى بەرپرسە سەربازییەکانیان دەردەبڕن.
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، لە ماوەى هەفتەى رابردوودا کێشە کەوتووەتە نێوان فەوجى 13ى پاراستنى کەنیسەکان و بەرپرسانى لیواى 50ى حەشدی شەعبی، کە لە هەمان پێکهاتەى کریستیانن و بەهۆیەوە ژمارەیەک لە چەکدارانی فەوجى 13 ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و لەلایەن دەزگاى ئاسایشى حەشدى شەعبییەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە.
عیسام بەهنام مەتى، قایمقامى قەرەقوش بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ژمارەیەک چەکداری فەوجى 13ى حەشدی شەعبی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیى ئاسایشى حەشدى شەعبییەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە، بەهۆى ئەوەى ناڕەزاییان دەربڕیوە لە دژى سەرکردەکانى لیواى 50، کە فەوجەکە سەر بەو لیوایە و کۆتایی بە لێکۆڵینەوەکان هێندراوە."
لیواى 50ی حەشدی شەعبی هێزێکى کریستیانن لە سنوورى دەشتی نەینەوا، هێزەکە سەر بە بزووتنەوەى بابلیۆنە، کە رەیان کلدانی ئەمینداری بزووتنەوەکەیە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو؛ کێشەکە چارەسەر کراوە و بە فەرمانى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق بڕیار دراوە، فەوجى 13 لەسەر لیواکە نەمێنێت و راستەوخۆ ببەسترێتەوە بە دەستەى گشتیى حەشدى شەعبی.
فەوجى 13 ئەرکەکەی پاراستنی کەنیسە و پێگە ئایینییەکانى سنوورى قەرەقوشە، بنەماى ناڕەزایەتییەکانیان لە مامەڵەى بەشێک لە سەرکردەکانى لیواى 50 بووە لەگەڵیاندا.
بزووتنەوەى بابلیۆن خاوەنى چوار کورسیی کۆتاى کریستیانە لە پەرلەمانى عێراق، یەکێکە لە هێزەکانی نێو چوارچێوەى هاوئاهەنگیى شیعە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ