رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو هێرشێکی مووشەکیی کرایە سەر بنکەی ئاسمانیی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەدین کە فڕۆکە جەنگییەکانی F16ـی عێراقی تێدایە؛ سەرچاوەیەکی ئەمنیی باڵا لە پارێزگای سەڵاحەدین رایگەیاند: "مووشەکەکان هیچ زیانێکی گیانیان نەبووە".
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دوای رووداوەکە و هەر ئەمشەو راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، "ئەو مافیا تیرۆریستە تاوانبارەکان کە سەقامگیریی عێراقیان ناوێت ئێوارەی ئەمڕۆ چوار مووشەکیان لە قەزای خاڵس لە پارێزگای دیالەوە ئاڕاستەی شوێنی کراوەیان لە بنکەی ئاسمانی بەلەد کردووە کە ئەو فڕۆکە جەنگییانەی تێدایە کە شەڕی تیرۆریستان دەکات و مۆڵگەکانی تیرۆر دەکاتە ئامانج و رۆڵی گەورەی هەیە لە یەکلاییکردنەوەی زۆر لە ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق، سەرباری ئەوەی ئەو مووشەکانە هیچ زیانێکی گیانی و داراییان نەبووە، بەڵام لایەنە پسپۆڕەکانی دەزگا ئەمنییەکان بەدوای ئەوانەدا دەڕۆن کە لەپشت ئەم کارە ترسنۆکانەوەن و دواتر وردەکاریی زیاتریش رادەگەیێنین".
سەرچاوەیەکی ئەمنیی لە پارێزگای سەڵاحەدین ئەمشەو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمشەو چوار مووشەک لە بنکەی ئاسمانیی بەلەد لە باشووری تکریتی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین کەوتنە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە".
ئەو سەرچاوەیە دوای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، هێشتا جۆری مووشەکەکان نەزانراون، بەڵام بەشێک لە مووشەکەکان بەر باڵەخانەی کۆمپانیای سالیبۆرتی ئەمریکی کەوتوون و زیانیان پێگەیاندووە.
سالیبۆرت گلۆباڵ، کۆمپانیایەکی ئەمریکییە و گرێبەستی لەعێراق هەیە بۆ نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی فڕۆکەی F16ـی جەنگیی عێراقی لە بنکەی ئاسمانیی بەلەد کە ژمارەیان زیاتر لە 30 فڕۆکەیە.
ساڵی رابردوو سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق رایانگەیاند، بەهۆی هێرشی بەردەوامی گرووپە چەکدارەکانەوە، کۆمپانیای سالیبۆرت گڵۆباڵ لەو بنکەیە کشاوەتەوە.
بنکەی ئاسمانیی بەلەد کە پێشتر ناوی بنکەی ئاسمانیی بەکر بووە، گەورەترین بنکەی ئاسمانییە لەعێراق و لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا لەلایەن کۆمپانیایەکی یۆگسلاڤییەوە دروستکراوە؛ بنکەکە نزیکەی 70 کیلۆمەتر لەبەغداوە دوورە و دەکەوێتە باکووری بەغداوە؛ نزیکەی 25 کیلۆمەتر چوارگۆشە رووبەڕەکەیەتی.
سەرەتای ساڵی رابردوو هێزی ئاسمانیی ئەمریکا گرێبەستێکی 240 ملیۆن دۆلاری لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە واژۆکرد بۆ یارمەتیدانی عێراق لە بەگەڕخستن و چاککردنەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی کە لەساڵی 2011 عێراق گرێبەستی کڕینی کردوون لەگەڵ ئەمریکا بەبڕی 4 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار و لە ناوەڕاستی 2015 یەکەمین کاروانی ئەو فڕۆکە F16ەیە گەیشتنە عێراق کە 16 فڕۆکەبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ