رووداو دیجیتاڵ
د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە داڤۆسەوە باسی هێرشەکانی سەر هەولێری کرد و گوتی، ئێران رێککەوتنی ئەمنیی نێوان بەغدا و تارانی "پێشێل کردووە." لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان گوتی، "هەولێر و بەغدا رێککەوتنێکیان واژۆ کردووە."
رۆژی 19ـی ئاداری 2023 لە بەغدا، عێراق و ئێران کۆنووسێکی ئەمنیی هاوبەشیان واژۆکرد کە قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەوکاتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران واژۆکەیان کرد. یاداشتەکە هاوئاهەنگی لە رووی پاراستنی سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتی لەخۆگرتووە.
وەکو د. فوئاد حوسێن دەڵێت، "عێراق نایەوێت کێشەی لەگەڵ ئێران هەبێت. ئێمە گفتوگۆ بەکاردەهێنین، بەڵام ئەوان مووشەک بەکاردەهێنن."
لەبارەی ئەوەی عێراق بەهۆی ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێران "زیانێکی زۆری بەرکەوتووە"، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، "ئێمە هاوئاهەنگیمان لەگەڵ هەردوو وڵاتەکەدا هەبووە، لە شەڕی داعش هاوبەشی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بووین، ئەو وڵاتە یارمەتییەکی زۆری عێراقی داوە بۆیە سوپاسگوزاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاین." هەروەها گوتیشی، "ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەکی تەندروستمان لەگەڵ هەموو وڵاتەکان هەبێت، بەڵام ململانێی ئێران و ئەمریکا کاریگەری لەسەر وڵاتەکەمان هەبووە، لە بەرژەوەندی ئێمەیە ئەگەر ئەو گرژیانەی نێوانیان کەمبکرێتەوە."
د. فوئاد حوسێن باسی لە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کرد و رایگەیاند، "هێزەکانی ئەمریکا لەسەر بنەمای داواکاریی عێراق هاتوونەتە وڵاتەکە، ئێمە قسەمان لەگەڵ کردوون و ئامادەن دانوستان بکەن تاوەکو ئەگەر عێراق نەیەوێت ئەوان هێزەکانیان بکشێننەوە، بەڵام ئەمریکا دەڵێت، ئامادەنین هێزەکانیان بکشێننەوە ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر بنکەکانیان بەردەوام بێت."
هەروەها جەختیشی کردەوە، کە عێراق پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بوارەکانی بازرگانی، سیاسی، ئابووری و زۆر لایەنی دیکە هەیە.
هەرناردەکردنەوەی نەوت و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، "چەند هەفتەیەک پێش ئێستا بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای عێراقی چووینە ئەنقەرە و گفتوگۆیەکی باشمان هەبوو، یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانیش کە تاوتوێمان کرد هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان، ئێستا هیچ کێشەیەک لە بەندەر و بۆرییەکەدا نییە، ئەوان ئامادەییان دەربڕیوە دەست بە هەناردە بکەنەوە، بەڵام کێشەکە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵدایە."
د. فوئاد حوسێن باسی رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی دەکات و دەڵێت، "چەند رۆژێک بەر لە ئێستا رێککەوتنێک لەنێوانیان واژۆ کراوە، بەهیواین بەمزوانە دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە."
رۆژانی 13 و 14ـی ئەم مانگە، نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان سەردانی بەغدای کرد و چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی حکومی و حیزبی عێراق کرد، لەبارەی کێشەی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان و هەناردەکردنەوەی نەوت گفتوگۆی لەگەڵدا کردن. بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، رێککەوتنەکە لەو رۆژانەدا واژۆکراوە کە نێچيرڤان بارزانى لە بەغدا بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ