رووداو دیجیتاڵ
بە گومانی سیخوڕی کەسێک لە گۆڕستانێکی نزیک ماڵەکەی پێشڕەو دزەیی دەستگیرکراوە، کە دەگوترێت بە رەگەز ئێرانییە.
رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، لە گۆڕستانی گوندی شەوک لە نزیک مەلا ئۆمەر کە نزیکە لە خانووەکەی پێشڕە دزەیی سەرمایەداری دیاری هەولێر کە کراوەتە ئامانج، دانیشتووانی گوندەکە کەسێکیان دەسستگیرکردووە، کاتێک قسەیان لەگەڵ کردووە کە بەم 11:30 خولەکی شەوە چیی دەکات، ئەو کەسە کە بە کوردی قسەی کردووە باسی لەوەکردووە بۆ کار دەگەڕێت، خەڵکەکەش گوتویانە کار و بەم شەوە، بۆیە رادەستی هێزە ئەمنییەکانیان کردووە.
پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، ئەو کەسە دانی بەوەدانەوە هەڵگری رەگەزنامەی ئێرانە، دوو مۆبایلی پێبووە، لە رێگەی وەتسئەپ قسەی کردووە و مۆبلەکانی داخستووە، هەروەها بڕە پارەیەکی جۆری 25 هەزار دیناری پێ بووە لەگەڵ چەند کارتێکی بانکی هەرێمی کوردستان و ئێران، خواردنیشی پێ بووە، دانیشتوانی گوندەکە گومانی سیخورییان لێکردووە، بۆیە دەستگیریان کردووە و رادەستی لایەنە ئەمنییەکانیان کردووە و لێکۆڵینەوە لەگەڵی دەستیپێکردووە.
شەوی دووشەممە، 15-01-2024، بە چەندین مووشەک هێرشکرایە سەر چەند ناوچەیەکی شاری هەولێر، هەر زوو سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیاریێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.
شەوی سێشەممە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "کاتژمێر 11:30ی شەوی 15 لەسەر 16ی کانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین مووشەکی بالیستیکی چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی هەولێری بۆردوومان کرد."
لە هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری شاری هەولێر، خۆی و کچێکی گیانیان لەدەستداوە، هاوژین و سێ منداڵیشی بریندارن.
جگە لە گیانلەدەستدانی پێشڕەو دزەیی لە هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێراندا، ژمارەیەک کەسی دیکە لە کەسوکارەکەی بریندار بوون کە سەرجەمیان کەسی سڤیلن.
پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکە ئاماژەی بەوەکرد، هاوژینەکەی پێشڕەو دزەیی کە ناوی هانا جووتیارە و کوڕێکی کە ناوی رۆژە بریندارن و لە نەخۆشخانەکانی هەولێر چارەسەریان بۆ دەکرێت. بە گوتەی کەسوکارەکەی، دۆخی تەندروستیی هاوژینەکەی باشە، بەڵام کوڕەکەی لەژێر چاودێریی چڕدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ