دادگەی فیدراڵی تاوتوێی شەش سکاڵا لە دژی پێنج بەرپرس و خشتەکانی بودجە دەکات

16-08-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی یەکشەممە، 18ــی ئاب، دادگەی فیدراڵی بۆ تاوتوێکردنی شەش سکاڵا کۆدەبێتەوە، کە لە دژی پێنج بەرپرسی باڵا لەبارەی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024 تۆمارکراون.
 
سکاڵاکان لەلایەن پێنج پەرلەمانتار و پارێزگاری میسانەوە تۆمارکراون، یەکێک لە پەرلەمانتارەکان دەڵێت: "خشتەکان هیچ روونکردنەوەیەکیان تێدا نەبوو، هیچ وردەکارییەکیان لەبارەوە نەگوترابوو و رێگەی گفتوگۆکردنیش نەدرا و بەخێرایی پەسندکرا."
 
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، بڕیارە دادگەکە رۆژی یەکشەممە، 18ـی ئابی 2024، بۆ تاوتوێکردنی حەوت سکاڵا کۆببێتەوە، شەشیان لەبارەی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024ـی عێراقە، لە دژی سەرۆکوەزیران، سەرۆکی پەرلەمان، وەزیری دارایی، وەزیری پلاندانان و وەزیری نەوت، تۆمارکراون. 
 
سکاڵاکاران داوایانکردووە دادگەکە بڕیاری ژمارە 64ـی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە پەسندکردنی خشتەکانی بودجەی عێراق لە 3ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ بە نایاسایی بزانێت.
 
رائید مالیکی، ئەندامی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "هۆکاری سکاڵاکانی ئێمە ئەوەیە ناکرێت زیاتر لە 211 تریلیۆن دیناری عێراقی بە کەمتر لە یەک کاژێر پەسند بکرێت، بەبێ ئەوەی ژمێرەی کۆتایی ساڵی پێشتر بهێندرێتە پەرلەمان، نە گفتوگۆی تێروتەسەل لەبارەی خشتەکانەوە کرا، نە هیچ وردەکارییەکی خەرجکردن هەبوو، بۆیە ئێمە سکاڵامان تۆمارکردووە."
 
بڕیاری 64ـی پەرلەمانی عێراق کە رۆژی 3ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ دەرچوو، تایبەت بوو بە پەسندکردنی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024ـی عێراق.
 
بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2024، تەنیا خشتەکانی نێردرایە پەرلەمان، بەو پێیە بودجەی سێ ساڵییە "2023، 224 و 2025." قەبارەی خەرجییەکانی بودجە 211 تریلیۆن و 900 ملیار دینار و  داهاتەکانیش 147 تریلیۆن و 800 ملیار دینارە، کورتهێنان 64 تریلیۆن دینار دەبێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە