حیزبی دەعوە: زۆری نەمابوو پیلانی بردنەدەرەوەی سەدام سەربگرێت

16-06-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ 

حیزبی دەعوەی ئیسلامی رایگەیاند، لە ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی سەدام حوسێن، شانازی بەوە دەکەن، کە ئەو بە واژۆی نووری مالیکی لەسێدارەدرا، راشیگەیاند، زۆری نەمابوو پیلانی بردنەدەرەوەی سەدام حوسێن پێش لەسێدارەدانی سەربگرێت.
 
بە رۆژژمێری کۆچی، ئەمڕۆ 18 ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق و بەعس تێدەپەڕێت، کە لە رۆژی 10ـی زیلحیجەی یەکەم رۆژی جەژنی قوربانی ساڵی 2006 لەسێدارەدرا. حیزبی دەعوەی ئیسلامی، کە ئەمیندارەکەی نووری مالیکییە، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "لە رۆژی جەژنی قوربانی هەموو ساڵێک عێراقییەکان پێکەوە یادی کۆتاییهاتنی سەدام حوسێن، سەری گەندەڵی لە زەوی و بکوژی عێراقییەکان دەکەنەوە کە تاوانەکانی هاوشێوەیان لە مێژووی ستەمکاران لە عێراق و جیهان نەبووە."
 
لە بەشێکی بەیاننامەکەی حیزبی دەعوەدا هاتووە: "سەدام سەدان هەزار کەسی کوشت بەجیاوازیی مەزهەب و نەتەوەکانیانەوە و بە تاوانەکانی دژ بە زۆنگاوەکان و باشووری عێراق و گوڕەبەکۆمەڵەکان و بۆردومانکردنی مەزارە پیرۆزەکان و کوشتنی پیر و منداڵ و ئافرەتان و پەنابەرانەوە تاوەکو دەگاتە کوشتنی بەرهەڵستکاران و ئەفسەرانی پارێزگاکانی رۆژئاوا تا تاوانەکانی هەڵەبجە و ئەنفال و دەسترێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ، عێراقییەکانی بە تووندترین شێوە ئەشکەنجە دا."
 
حیزبی دەعوە باس لە هەوڵی بردنەدەرەوەی سەدام و رێگریی لەسێدارەدانیشی دەکات و دەڵێت: "حیزبی دەعوەی ئیسلامی شانازییەکی گەورە دەکات بەوەی کۆتایی سەدام حوسێن، دیکتاتۆری ستەمکار و بوو بە فیرعەون بە واژۆی یەکێک لە سەرکردە ئازاکانی (نووری مالیکی) بوو، لەو کاتەی کە پیلانگێڕی و پلانەکان بەردەوام بوون و زۆری نەمابوو سەرکەوتووبن لە هێشتنەوەی ستەمکار بە زیندوویێتی و بردنە دەرەوەی بە قاچاخ لە پێناو بەردەوامیی ستەمکاری جارێکی دیکە و بۆ وێرانکردنی ئەوەی ماوە لە عێراق و عێراقییەکان."
 
حیزبی دەعوە پێیوایە حیزبی بەعس بە دوژمنی عێراقییەکان دەمێنێتەوە و دەڵێت: "جەنگ لەگەڵیدا بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی رێگەی پێنەدرێت جارێکی دیکە دزەبکاتەوە نێو دامەزراوەکانی دەوڵەت."
 
سەدام حوسێن کە لە تەممووزی 1979 تاوەکو نیسانی 2003 سەرۆکی عێراق بوو، دوای ئەوەی ساڵی 2003 لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا دەستگیرکرا و پاشان لەسەر کۆمەڵێک دۆسیە دادگایی کرا، لە 31-12-2006، ئەوکاتەی نووری مالیکی سەرۆکوەزیران بوو، لەسێدارەدرا.
 
هەرچەندە دەبوو سزای لەسێدارەدانی سەدام حوسێن لەلایەن مام جەلال تاڵەبانییەوە بکرێت، بەڵام بەهۆی پابەندبوونی بە واژۆیەکی لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە واژۆنەکردنی هیچ سزایەکی لەسێدارەدان، تاڵەبانی ئەو کارەی نەکرد.
 
نووری مالیکی، لە  هەڤپەیڤینێکدا گوتبووی: "دوای لەسێدارەدانی و لەسەر داوای هەندێک چوومە بەردەم تەرمەکەی سەدام و پێمگوت لەسێدارەدانت چی سوودێکی هەیە، شەهیدان و ئەو وڵاتەی وێرانت کرد دەگەڕێنێتەوە؟"
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە