دادگەى فیدراڵى: بەگوێرەى دەستوور تاوتوێى سکاڵاکەى دژ بە کۆمیسیۆن دەکەین

16-05-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق تاوتوێکردنى سکاڵاى دژ بە کۆمیسیۆن لەبارەى ھەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەبەستێتەوە بەو دەسەڵاتەى دەستوور پێى داوە. ئەمەش لەدواى ئەوەى دەستەى دادوەرى کۆمیسیۆن بڕیارێکى کاتیی دادگەکەى بۆ راگرتنى رێکارەکانى ئەو هەڵبژاردنە رەتکردەوە.
 
دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەى بەوەداوە کە "19ى ئایار لەبارەى ئەو سکاڵایە کۆدەبێتەوە کە سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە دژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان تۆماریکردووە."
 
سکاڵاکە داوا دەکات مادەى دووى سیستمى تۆمارى لیستى بەربژێران بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بە نادەستوورى بناسێنێت.
 
دادگەی فیدراڵى ئاماژەى بەوەداوە، تاوتوێکردنى ئەو سکاڵایە بەگوێرەى تایبەتمەندییەکانى دەبێت کە لە بڕگەى یەکى مادەى 93 ى دەستوور هاتووە. 
 
ئەو  بڕگەیە باس لەوە دەکات: "دادگەى فیدراڵى تایبەتمەندە بە چاودێرى ئاستى دەستورییبوونى یاسا و رێنماییە کاراکان"، دادگەى فیدراڵى دەڵێت: "پێویست بوو ئاگادارى ئەوەبێت".
 
روونکردنەوەى دادگەکە دواى ئەوە بوو دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان بڕیاری راگرتنی کارەکانی کۆمیسیۆنی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشاندەوە، بە "نادروست و پێچەوانەی یاسا ئەژماری کرد" و ئاماژەى بەوەدا" راگرتنی کارەکانی کۆمیسیۆن رەچاوی ئەوەی نەکردووە دەبێت کۆمیسیۆن لە ماوەی ویلایەتی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی ئێستا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات."
 
دوای رۆژێک لە بڕیارێکى فەرمانسالارى دادگەی فیدڕاڵی بۆ راگرتنی ئەو رێکارانە "تاوەکو سکاڵاکە یەکلا دەبێتەوە". رۆژی سێشەممە، 7ی ئایاری 2024 کۆمیسیۆن سەرجەم رێکارە هونەری و داراییەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان راگرت.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە