رووداو دیجیتاڵ
دادگەی کەرخی شاری بەغدا، سزای بەندکردنی بۆ ئەو کەسە دەرکرد، کە مانگی ئابی ئەمساڵ شاشەکانی رێکلامی لە گەڕەکی کەڕادە هاککرد و دیمەنی نەشیاوی بڵاوکردەوە.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، رۆژی چوارشەممە 15-11-2023 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دادگەی تاوانی کەرادە لە شاری بەغدا، سزای دوو ساڵ زیندانی بەسەر کەسێکدا سەپاند، کە مانگی ئابی رابردوو شاشەکانی رێکلامی لە ناوچەی کەڕادەی هاککرد، دیمەنی نەشیاو و دوور لە سەلیقەی گشتی پەخش کردبوو.
شەوی 18-08-2023 گرتەیەکی سێکسی لەسەر شاشەیەکی رێکلام لە شەقامی عوقبە بن نافیع پەخشکرا، ھەر زوو وەزارەتی ناوخۆ راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند بەشێک لە شاشەکانی بەغدا ھاککراون و دوای 9 کاژێر، ھێزە ئەمنییەکان توانیان ھاککەرەکە دەستگیر بکەن.
بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆکە هەر زوو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنی و لە تۆڕی ئێکس (تویتەری پێشوو) بووە ترێند، دواتر راگەیێندرا کە بەهۆی هاککردنی شاشەکەوە بووە.
دوای رووداوەکە، وەزارەتی ناوخۆ دەستبەجێ تەواوی شاشەکانی بەغدای کوژاندەوە و لیژنەیەکی بۆ بەدواچوون راسپارد، لیژنەکە لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنی تۆمەتباری رووداوەکەی راگەیاند و گوتی تۆمەتبار(ک. ح.) دانی بەوەدا ناوە، ئەو کارەکەی کردووە و هۆکارەکەشی بۆ کێشەی پارە لە نێوان خۆی و خاوەنی کۆمپانیاکە گەڕاندووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ