موقتەدا سەدر: پێویستە پەند لە هەوڵى تیرۆرکردنى ترەمپ وەربگیرێت

15-07-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

موقتەدا سەدر دەڵێت، پێویستە پەند لە هەوڵى تیرۆرکردنى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا وەربگیرێت.  
 
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتى نیشتمانیى شیعە لە نووسینێکدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى ئێکس دەڵێت، پێویستە پەند لەو رووداوانە وەربگیرێت کە لە جیهان روودەدەن، بەتایبەت ئەوەى لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا روودەدات کە بەگوتەى ئەو کەسایەتییە شیعەیە، "رکابەرییە لەسەر دەسەڵات. دیموکراسی و هەڵبژاردن لە رێڕەوى ئاشتیانە لایداوە، وەک چۆن هەوڵى تیرۆرکردنى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى پێشووى ئەو وڵاتە و بەربژێرى ئێستا درا." 
 
موقتەدا سەدر دەڵێت، "بێ لەبەرچاوگرتنى ئەوەى کە ئەو رووداوە راستەقینەیە یان گرتەی فیلمێکە پێشتر دانراوە، ئەوەى روویدا ئەوەمان پێ دەڵێت کە ئەمریکا و بانگەشەکانى بەوەى زلهێزە، لەخۆگرى ئازادى، پاڵپشتیکارى دیموکراسی، پەخشەرى ئاشتی و رەتکەرەوەى تووندوتیژییە، تەنیا بانگەشەن و راست نین." 
 
14ى تەممووز لە شاری بەتڵەری ویلایەتی پێنسلڤانیا تەقە لە دۆناڵد ترەمپ، بەربژێرى کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کرا و بریندار بوو. ئەو رووداوە کاتێک بوو کە ترەمپ سەرقاڵی بانگەشەی هەڵبژاردن بوو.
 
بەگوتەى موقتەدا سەدر، ئەو رووداوە پەیامێکى روونە بۆ ئەو گەنجە عێراقیانەى خواست و ویستیان بۆ رۆژئاوا هەیە و پێیان وایە پاڵپشتیکارى ئاشتی، دیموکراسی و ئازادین و دەڵێت، "پێویستە پاڵپشتیکارانى رۆژئاوا ئەوە بزانن؛ هەموو کارەکانى رۆژئاوا درۆن و راستییان تێدا نییە." 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە