گوتەبێژی سوودانی بۆ رووداو: هاوژینی عەبدوڵڵا مەکی دەستگیرکراوە و داعش لە کۆتاییدایە

22 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکانی عێراق دەڵێت، دەزگا ئەمنییەکان و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە پاڵپشتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بەردەوامن لە بەئامانجگرتنی پاشماوەکانی داعش. دەستگیرکردنی هاوژینی عەبدوڵڵا مەکیش پشتڕاست دەکاتەوە.
 
ئەمڕۆ شەممە، 15ـی ئاداری 2025، سەباح نوعمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نزیکین لە کۆتاییهێنان بە پاشماوەکانی رێکخراوی داعش لە وڵاتەکەماندا، دەزگا ئەمنییەکان و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە پاڵپشتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بەردەوامن لە گەڕان بۆ دەستڕاگەیشتنیان بەو فەرماندانەی رێکخراوەکە کە تاوەکو ئێستا لە ژیاندا ماون، جا چ لە خاکی عێراق بن یان لە دەرەوە."
 
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکان دەڵێت، "لەسەر ئاستی باڵا هاوئاهەنگیمان لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان هەیە، بۆ رووبەڕووبوونەوە و بنبڕکردنی تیرۆریستانی داعش. ئاسایشی هەرێمی کوردستان رۆڵی گەورەیان هەبوو لە ئاسانکاری کردن بۆ دۆزینەوەی شوێنی گەورە تیرۆریست، عەبدوڵڵا مەکی کە بە والی عێراق و سووریا ناسرابوو."
 
ئەمشەو فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، دەستگیرکردنی ئوم حوسەین، تیرۆرستی داعشی چیچانی و هاوژینی عەبدوڵڵا مەکی راگەیاند. گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکانی عێراق لەوبارەیەوە دەڵێت، "هاوژینی عەبدوڵڵا مەکی دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا دەستیپێکردووە، بەڵام هێشتا نازانین ئاخۆ هاووڵاتیی چیچانییە یاخوود نا."
 
بە گوتەی سەباح نوعمان، "زۆربەی فەرماندەکانی داعش هەڵاتوون بۆ دەرەوەی عێراق، بۆیە دەزگای هەواڵگریی عێراقی لەسەر ئاستی باڵادا هاوئاهەنگی تەواوی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەیە، بۆ بە ئامانجگرتنی فەرماندە هەڵاتووەکانی داعش، دوایین ئۆپەراسیۆنی کوشتنی فەرماندەیەکی داعشیش لە سووریا لەلایەن فڕۆکەکانی هاوپەیمانانەوە، لە رێگەی زانیاری وردی دەزگای هەواڵگریی عێراقییەوە کرا."
 
ئێوارەی دوێنێ، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە پلاتفۆرمی ئێکس، کوژرانی عەبدوڵڵا مەکی موسڵیح رەفیعی، ناسراو بە ئەبو خەدیجەی راگەیاند.
 
عەبدوڵڵا مەکی ناسراو بە ئەبو خەدیجە، لە ماوەی کارکردنییدا لەگەڵ رێکخراوی داعش، چەندین پۆستی باڵای هەبووە لەوانە، جێگری خەلیفەی داعش، والی عێراق و سووریا و بەرپرسی نووسینگەی ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوە.
 
لە 9ـی حوزەیرانی ساڵی 2023دا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خستیە نێو لیستی تیرۆرەوە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە