رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڤیدیۆی بۆردوومانکردن و کوشتنی سەرکردەیەکی باڵای داعشی لە عێراق بڵاوکردەوە.
بە گوتەی سێنتکۆم، 13ی ئادار، لە پارێزگەی ئەنبار ئەو کەسەیان کوشتووە کە ناوی عەبدوڵڵا مەکی موسڵیح ریفاعی بووە و ناسراوە ئەبو خەدیجە، "ئەو، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە جیهانییەکان و" کەسی دووەمی رێکخراوە پەڕگیرەکە بووە.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردبوو، ئەندامێکی دیکەی داعش، لەگەڵ سەرکردەکە دا لە هەمان هێرش کوژراون.
لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، ئۆتۆمبێلێک لەسەر رێگەیەک دەڕوات کە هەردوو لای چۆڵەوانین، لەو کاتە دا فڕۆکەیەکی ئەمریکا بۆردوومانی دەکات، لە ئەنجامدا ئۆتۆمبێلەکە کۆنترۆڵ لەدەستدەدات و لە رێڕەوی خۆی دەردەچێت، دوای پێنج چرکە، مووشەکێکی دیکەی لێ دەدرێت و لە جووڵە دەخرێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵدا رایگەیاند، هێرشەکە بە هاوئاهەنگیی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە.
سێنتکۆم لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، هەردوو کوژراوەکە "پشتێنی بۆمبڕێژکراویان بەستبوو کە هێشتا نەتەقیبووەوە و ژمارەیەک چەکیان پێبووە."
وەک سێنتکۆم باسی دەکات، بە پشکنینی دی ئێن ئەی، پشتڕاستیان کردووەتەوە یەکێک لە کوژراوان ئەبو خەدیجەیە.
جەنەراڵ مایکڵ ئێریک کوریلا، فەرماندەی سێنتکۆم دەڵێت "ئەبو خەدیجە، یەکێک بوو لە ئەندامە هەرە گەورەکانی داعش و رێکخراوی جیهانیی داعش. بەردەوامدەبین لە کوشتنی تیرۆرستان و هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکانیان کە هەڕەشە لە نیشتمانمان و خەڵکی وڵاتانی هاوپەیمان و هاوبەشمان لەنێو و دەرەوەی ناوچەکە، دەکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ