دەنگۆی هاککردنی چەند وەزارەتێکی حکومەتی عێراق بڵاوبووەتەوە و حکومەتیش رەتیدەکاتەوە

دوێنێ کاژێر 09:30
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوو رۆژە هەواڵێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە کە دەگوترێت، وەزارەتەکانی دارایی، ناوخۆ، ئەمینداریێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی عێراق لەلایەن گرووپێکی هاککەری رووسییەوە رووبەڕووی هێرشێکی فراوانی ئەلیکترۆنی بوونەتەوە. حکومەتی عێراق ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە.
 
بەگوێرەی ئەو وێنانەی وەکو بەڵگە بۆ هێرشەکانیان، لەلایەن گرووپی 'بابوک رانسموێر'ـی رووسی بڵاوکراونەتەوە؛ ئاماژە بە دزینی داتا و زانیاریی نهێنیی وەزارەت و دامودەزگەکانی عێراق دەکەن بە قەبارەی سەدان گێگابایت.
 
لەبارەی ئەو هەواڵەوە، ئەمڕۆ (شەممە، 15ـی ئاداری 2025) عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو هەواڵانەی سەبارەت بە هاککردنی وەزارەتی ناوخۆ و دامەزراوەکانی دیکە بڵاوکراونەتەوە، دوورن لە راستییەوە و هیچ بنەمایەکیان نییە."
 
هەواڵ و وێنەکان لەلایەن کۆمپانیای ڤیناریکسی ئەمریکیش بڵاوکراونەتەوە، کە کۆمپانیایەکی بواری پاراستنی ئاسایشی تەکنەلۆژییە.
 
هاوکات حەیدەر مەجید، گوتەبێژی ئەمینداریێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە هەمان شێوە لە رێگەی رووداوەوە ئەو هەواڵەی رەتکردەوە و گوتی، "نە سیستم و نە ماڵپەڕی ئەمیندارێتیی گشتی هاککراون. هیچ داتایەکی هێندە گرنگمان لەنێو ماڵپەڕەکەدا نییە کە هیچ هاککەرێک بتوانێت سوودی لێببینێت و داتا گرنگەکانمان لە سیستمێکی پارێزراودان."
 
لەلایەکی دیکەشەوە، لەسەر هەمان پرس، رووداو قسەی لەگەڵ ناوەندی ئاسایشی سایبەری سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق کرد، کە ئەو ناوەندە ئەرکی پاراستنی وەزارەت و دامودەزگەکانی حکومەتی عێراقە لە هێرشە ئەلیکترۆنییەکان دا.
 
ناوەندی ئاسایشی سایبەری عێراق دڵنیایی دەدات لەوەی، سیستمی ئەلیکترۆنی سەرجەم وەزارەت و دامودەزگەکانی حکومەت، پارێزراون و هیچ هێرشێکی ئەلیکترۆنی لەوجۆرەیان نەکراوەتەسەر.
 
زانیاریی ورد لەسەر گرووپی 'بابوک رانسموێر'ـی رووسی نییە، بەڵام بەگوێرەی ماڵپەڕە جیهانییەکانی بواری تەکنەلۆژیا، یەکەم هێرشی ئەلیکترۆنی ئەو گرووپە رووسییە، لە کانوونی دووەمی 2021 بووە، کە کردوویانەتە سەر چەند دامەزراوە و کۆمپانیایەکی جیهانی و داتا و زانیارییە نهێنییەکانیان بردوون.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە