یەکشەممە دەنگ بە هەموارى یاساى بودجە دەدرێت و کێشەى نوێى لەسەر دروستبووە

10 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانى عێراق خشتەى یەکەم کۆبوونەوەى هەفتەى داهاتوو بڵاودەکاتەوە و یەکێک لە بڕگەکانى دەنگدانە لەسەر هەموارى یاساى بودجە لەبارەى شایستەى دارایى کۆمپانیاکانى نەوتى هەرێمى کوردستان، بەگوتەى ئەندامێکى لیژنەى دارایی، داواکاریى نوێ بۆ ئەو هەموارە دروست بووە.

پەرلەمانى عێراق خشتەى کاری دانیشتووی داهاتووی بڵاوکردەوە، 19ـی کانوونی دووەم دەکرێت و 8 بڕگەیە. یەکێک لە بڕگەکانى ئەو کۆبوونەوەیە دەنگدانە بە هەموارى یاسای بودجەى گشتیی عێراق و ئامانج لێى دەستەبەرکردنى حەقدەستى کۆمپانیاکانى نەوتە لە هەرێمى کوردستان.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "مشتومڕى نوێ لەسەر ئەو هەموارە دروست بووە و هەندێک لە پەرلەمانتاران دەڵێن ئەگەر گۆڕانکارى لە پشکى پارەى پارێزگاکانیان نەکرێت، دەنگ بە هەموارەکە نادەن."
 
هەموارەکە لە مادەی 12ـی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانە، کە 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاری کردووە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتى راوێژکاریى نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات؛ دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات.
 
جەمال کۆچەر گوتى: "هەندێک لە ئەندامانی لیژنەى دارایی دەیانەوێت ئەوە بخەنە نێو راپۆرتى لیژنەى دارایی کە گەرەنتى هەبێت لەوەى دواى هەموارى یاساى بودجە، هەرێمى کوردستان نەوتەکەى رادەست دەکات. ئێمەش هەڵوێستمان بەو جۆرەیە، پێویست بەو گەرەنتییە ناکات".
 
هەر لەو کۆبوونەوەیەى پەرلەماندا دەنگ بە پڕۆژەیاساکانى دەزگاى هەواڵگریى عێراق و هەموارى یاساى وەبەرهێنانى پیشەسازى بۆ کەرتى تایبەت و تێکەڵ، سەندیکاى پرۆگرامسازان، هەموارى بنەماى هاوتاکردنى بڕوانامە و پلەى زانستیى عەرەبی و بیانى دەدرێت. 
 
بڕگەکانى دیکەى کۆبوونەوەکە تایبەت بە خوێندنەوەى یەکەمى پڕۆژەیاساکانى رێکخستنى کرێى خزمەتگوزاریى فەرمانگەکان، هەموارى یاسای دەستەى گشتى بۆ چاودێریى تەرخانکراوى سامانە فیدراڵییەکان، هەموارى پڕۆژەیاساى پاراستنى مافى کەمینەکان.
 
ئەمڕۆ سێ جار دەستکاری خشتەی کاری کۆبوونەوەکەی هەفتەی داهاتووی پەرلەمان کرا، خشتەی یەکەم 8 بڕگە بوو، خشتەی دووەم 7 بڕگە بوو، بەڵام لە هیچ کامیان پەسندکردنی هەمواری یاسای بودجەی تێدا نەبوو، خشتەی سێیەم کرایەوە 8 بڕگە و دەنگدان بە هەمواری یاسای بودجەی بۆ زیادکرا و خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای خانەنشینی لابرا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساتی واژۆکردنی رێککەوتنەکە

عێراق و بەریتانیا لەسەر هەڵسەنگاندنی توانای دووبارە پەرەپێدانی 4 کێڵگەی نەوتی کەرکووک رێککەوتن

نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، رێوڕەسمێک بەڕێوەچوو بۆ واژۆکردنی رێککەوتننامەی لێکتگەیشتن بۆ جێبەجێکردنی هەڵسەنگاندنی توانای دووبارە پەرەپێدانی تەواوەتی هەر چوار کێڵگەی نەوتی کەرکووک.