رووداو دیجیتاڵ
هێشتا جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی عێراق لە بەریتانیا نەگەڕاوەتەوە، نووسراوی پەرلەمانی بۆ نێردراوە بۆ لێپرسینەوە لێی. جگە لەوەش، نووسراوی لێپرسینەوە بۆ سەرۆکی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنیش نێردراوە.
سەفوان گەرگەری، ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق رۆژی سێشەممە 14-01-2025 نووسراوی بۆ حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوت کردووە و لەبارەی پرسینەوەکەی ئاگاداری کردووەتەوە.
پەرلەمانتار مستەفا خەلیل گەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە فراکسیۆنی ئیشراقییەی کانوون، داواکاریی لێپرسینەوەکەی پێشکێش کردووە.
بەگوێرەی نووسراوەکە، کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لەبەر ئەوەی داواکارییەکە مەرجە دەستووری و یاساییەکانی تێدایە، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بڕیاری داوە لێپرسینەوە لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی بکرێت.
هیچ وادەیەک بۆ لێپرسینەوەکە دیاری نەکراوە، بەڵام داوای هاوئاهەنگی لە وەزیری نەوت کراوە.
کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 15-01-2025 هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە و گوتی، "لەسەر خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، سەرپێچی، بەهەدەردان و گەندەڵی لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت."
هەر دوێنێ نووسراوی لێپرسینەوە بۆ عەلی موئەیەد، سەرۆکی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراقیش نێردراوە.
کاروان یاروەیس، کە هاوکات ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراقە دەڵێت، لیژنەکەیان بڕیاری لێپرسینەوەکەی داوە، بەڵام وەکو رێکارێکی پەرلەمانی دەبێت لەلایەن پەرلەمانتارێکەوە لێپرسینەوەکە بکرێت، "زوهێر شەهید فەتلاوی، لە فراکسیۆنی ئیشراقییەی کانوون، لێپرسینەوەکە دەکات."
بە گوتەی ئەندامەکەی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن، "بە هەمان شێوە لەسەر خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، سەرپێچی، بەهەدەردان و گەندەڵی، لێپرسینەوە لەگەڵ سەرۆکی دەستەی راگەیاندن و گەیاندن دەکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ