حکومەتی عێراق 500 پرۆژەی خزمەتگوزاری لە رومادی جێبەجێ دەکات

15-01-2021
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
دیمەنی شەقامێکی رومادی
دیمەنی شەقامێکی رومادی
نیشانەکردن رومادی عێراق پرۆژەی ئاوەدانکردنەوە
A+ A-
 
رووداو - رومادی

دوای ساڵی 2014 بەهۆی شەڕی داعشەوە بەشێکی شارەکانی عیراق بوونە وێرانە، خەڵکەکەیان دەربەدەر بوون و ئاوەداننەکردنەوەی ناوچەکانیان تاوەکو ئێستاش بەربەستە لەبەردەم گەڕانەوەی بەشی زۆریان بۆ زێدی خۆیان، بەڵام بۆ شاری رومادی پێچەوانەیە؛ لەگەڵ ئەوەی داعش دەستی گەیشتە ئەوێ و سیمایەکی وێرانبووی دوای خۆی جیهێشت، بەڵام ئێستا خزمەتگوزاری زۆرە.
 
لە هێرشی داعش و شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو پارێزگایەدا نزیکەی 10 هەزار فەرمانگە، خانوو و دووکان رووخێنران، بەڵام نۆژەنکردنەوەی شوێنە وێرانبووەکان و جێبەجێکردنی زیاتر لە 500 پرۆژەی خزمەتگوزاری سیمای شەڕی لەو پارێزگایە
سڕیوەتەوە.
 
زاکیر عەبدوڵڵا،  دووکاندارە و دەڵێت: '' لە کاتی هاتنەوەمان بۆ رومادی بینیمان وەکو ناوچەیەکی وێرانەیە و بە تەواوەتی خاپوور بوو. ئێستا کە رومادی دەبینین، پێشکەوتنێکی زۆری بە خۆیەوە بینوە کە 100 ساڵ دەبێت بەم قۆناخەدا تێنەپەڕیوە، وەک قیرتاوکردنی شەقام و چاککردنی ئاوەڕۆ و دروستکردنی باخچە."
 
پرۆژەکان لەسەر بودجەی 25 رێکخراوی نێودەوڵەتی کە سعودیە و وڵاتانی کەنداو رۆڵی بەرچاویان تێدا هەبووە و بودجەی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان جێبەجێ کراون و رێگەخۆشکەر بووە بۆ گەڕانەوەی زیاتر لە 80٪ی ئاوارەکان.
 
مووسا ئەحمەد، قاوەفرۆشێکی شاری رومادییە و دەڵێت: ''سوپاس بۆ خوا ئێمە لە پرۆژەکان رازیین. ئێمە کەوتینە قۆناخی داعش و وێرانکاری، بەڵام دوای تێپەربوونی پێنج ساڵ رەوشەکە لە جاران باشتر بوو."
 
محەممەد عەبدوڵلا، خوێندکاری زانکۆیە و دەڵێت: ''داوای پرۆژەیەک دەکەین بۆ دوورگەی رومادی، چونکە بەنداوەکەی ماندووە و پێوویستی بە نۆژەنکردنەوەیە. سوپاسی پارێزگار دەکەین بۆ ئەم دەستکەوەتە نوێیە."
 
ساڵح فەیاز، مامۆستایە و دەڵێت: ''ئێستا پرۆژە و نۆژەنکردنەوە و باخچە و باڵەخانە هەن و داوای زیاتریش دەکەین تا زیاتر جوان ببێت. گرینگترین شت کە  لە پارێزگاری داوای دەکەین دروستکردنی نەخۆشخانەیە، چونکە زۆر بەو بابەتەوە دەناڵێنین."
 
 
لە کۆی 112 پردی خاپوورکراو، 96 پردیان نۆژەن کراونەتەوە. کارکردن لە 100 پرۆژەی خزمەتگوزاری و 56 پرۆژەی وەبەرهێنانیش بەردەوامن.
 
عەدنان عەبدوڵڵا، یاریدەدەری پارێزگاری ئەنبار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ''پارێزگار زیاتر لە 500 پرۆژەی جێبەجێ کردووە و زۆربەی ئەو پرۆژانە سەرلەنوێ دروستکردنەوەی داڕووخاوەکان بوو کە پارێزگا بە هاوکاریی رێکخراوەکان و سندووقی نۆژەنکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان دروستی کردوون. هەروەها هاوکاریی بانکی نێودەوڵەتی لە ژمارەیەک پرۆژە هاوکارمان بوو هەرچەند کەم بوون، بەڵام کاریگەر بوون."
 
ئەنبار لە رووی پانتاییەوە گەورەترین پارێزگای عێراقە، ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی ملیۆنێک و 600 هەزار کەسە و سەرجەمیان سوننەمەزهەبن. لە کۆی زیاتر لە 35 هەزار خێزانی زەرەرمەندی دەستی داعش تا ئێستا تەنیا 12 هەزاریان قەرەبوو کراونەتەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە