بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەشێک لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی ئاڵای کوردستان و بارەگای لقی 5ی پارتی دیموکراتی کوردستانیان لە بەغدا سووتاند، بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دەڵێت، ئەوانەی بارەگاکەیان سووتاندن و خۆپێشاندانیان لەبەردەم بارەگاکەدا کرد، خەڵکی راهێنراوبوون و یەکدییان دەناسی.
زانیاریی پێشوەختەمان لەبارەی هێرشەکەوە هەبوو
شوان محەممەد، بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداریی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد و لەبارەی هێرشەکەی لایەنگرانی حەشدی شەعبی گوتی "لە دووشەممەی رابردووەوە لەلایەن رێکخستنەکانی خۆمان و دەزگا هەواڵگرییەکانەوە زانیارییمان پێگەیشتبوو کە چەند گرووپێکی تووندڕەوی نێو هەندێک لایەنی حەشدی شەعبی بەنیازی هێرشکردنن بۆ سەر بارەگای پارتی، هەرچەندە ئێمە بەرپرسانی کوردمان لە بەغدا و هەرێمی کوردستان و مستەفا کازمیمان ئاگادارکردبوویەوە، بەڵام دواجار هێرشەکە ئەنجامدرا و بارەگای لقیان سووتاند."
لەبارەی ئەو کەسانەی کە لقی پارتییان لە بەغدا سووتاند، شوان محەممەد رایگەیاند، هەندێک لایەنی سیاسیی هێزی ئەلیکترۆنیان هەیە، لەو گرووپانەش "سابیروون" کە گرووپێکە لە گرووپە تووندڕەوەکان. هەروەها "رەبعڵڵا" ئەوانیش لە خۆپێشاندانەکانی بەغدا خەڵکیان خەڵتانی خوێن کرد. ئەوانەش تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک خۆی لێنەکردوونەتە خاوەن.
شوان محەممەد لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت، "گرووپە چەکدارەکان بەشێوەیەکی روون و ئاشکرا ئەو کارەیان کردووە. رۆژی هەینی لەسەر شەممە زیاتر لە 500 کەس لە دەوروبەری ئێمەبوون. بەڵام دواتر چەند ئۆتۆمبێلێک لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی هاتنە نێو بارەگای پارتی لە بەغدا، ئێمە حیسابی زۆرمان کردبوو. بەڵام هیچ زیانێکی ماددی ئەوتۆی لێنەکەوتووەتەوە و بەڵگەنامەکانیشمان پاراستن."
ئەوانەی بارەگاکەیان سووتاند خەڵکی راهێنراوبوون و یەکدیان دەناسی
لەبارەی ئەوەی کە هێرشەکە پەیوەندی بە لێدوانی هۆشیار زێبارییەوە هەیە؟ شوان محەممەد گوتی "پێشتر بەرپرسانی دیکە لێدوانی تووندتریان بەرامبەر حەشدی شەعبی داوە، بەڵام ئەوان دەمارگیرییەکی زۆریان بەرامبەر هەرێمی کوردستان و ئەو رێککەوتنە هەیە کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی شنگال کراوە. ئەو گێرەشێوێنانەش وێنەی ئاڵای کوردستان و ئاڵای پارتی و ئاڵای بەرپرسەکانمان و سووتەمەنی و ئاگریان پێبوو. "
سەبارەت بەوەی کە هیچ هاندانێکی کوردی هەبووە سەبارەت بە رووداوەکەی ئەمڕۆ؟ پەرلەمانتارێک یان لایەنێک دژی ئەوان لێدوانی دابێت. ئەو بەرپرسەی لقی پێنجی پارتی لە وەڵامدا گوتی "هیچ لایەنێکی سیاسی تۆمەتبار ناکەم، بەڵام هەندێک کەس کە لە پەنجەی دەست هەژمار ناکرێن و بە کورد حیسابیان ناکەین. بۆیە ئەو رووداوە رەهەندی سیاسیی و هەرێمی هەیە. هەروەها پەرلەمانی عێراقیش بەشێکبوو لە کێشەکانی بەغدا."
بەرپرسی لقی 5ی پارتی لە بەغدا ئاماژەی بەوەشدا کە لایەنگرانی حەشدی شەعبی پەیامەکەیان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و هەموو خەڵکی کوردستان بوو. لەبەرئەوە ئەوانەی ئەم کارەیان کرد "خەڵکی راهێندراوبوون و یەکدیان دەناسی."
شوان محەممەد ئاماژە بەوەش دەدات، کە هیچ بەرپرسێکی حەشدی شەعبی پەیوەندییان بە ئەوانەوە نەکردووە، بەڵام سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆکوەزیرانی پەیوەندییان پێوەکردوون. ئەمە جگەلەوەی کە هەموو پارت و بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش پەیوەندییان بە ئەوانەوە کردووە.
هەموو هێزەکانی ناو حەشدی شەعبی دژی کورد و حکومەتەکەی کازمی نین
سەبارەت بەوەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان داوای لێبووردن لە حەشدی شەعبی دەکات، شوان محەممەد دەڵێت "ئێمە بەهیچ شێوەیەک داوای لێبووردن لە هیچ لایەنێکی سیاسی ناکەین لە کاتێکدا کە ئێمە لەسەر حەق بووبین."
سەبارەت بە راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، شوان محەممەد دەڵێت " ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ناتوانێت عێراق بپارێزێت، بێگومان ناتوانن بارەگاکەی ئێمەش بپارێزن."
لە عێراق هیچ گەرەنتییەک بۆ پاراستنی بارەگاکان نییە
شوان محەممەد لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، هیچ زەمانێک لە عێراق دا نییە. "سوپاسی هۆزە کوردەکان دەکەین کە ویستیان لە رۆژی پێنجشەممەوە بەرگری لە بارەگای پارتی بکرێت لە بەغدا، 200 گەنجی کورد هەبوو دەیان ویست خۆیان بە کوشت بدەن لەپێناو پارتی، بەڵام ئێمە و سەرکردایەتی پارتی رێگەی بەوەنەدا ئەوان بێن، چونکە خوێنی رۆڵەکانی کورد لە باڵەخانە و بینای حیزب زۆر گەورەترە. "
سەبارەت بەوەی بۆچی لەم کاتەدا هێرشکراوەتەسەر بارەگای پارتی لە بەغدا؟ ئەو بەرپرسەی لقی 5ی پارتی رایگەیاند "موقتەدا سەدر و چەند لایەنێکی دیکەی سیاسی قسەیان لەسەر حەشدی شەعبی کرد، لەبەرئەوە ئەوەی ئەوان کردیان لەلایەن مامۆستاکانی خۆیانەوە ئەنجامدراوە. ئەوانە پێیان خۆش نییە حکومەتەکەی کازمی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت. بۆیە وەک پارتی ئێمە پێمانخۆشنییە هیچ بارەگایەکی دیکەی حیزبی کوردستانی لە بەغدا بسووتێندرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ