رووداو دیجیتاڵ
لە شەش مانگدا وەزارەتى ناوخۆى عێراق دەستى بەسەر زیاتر لە یەک تۆن مادەى هۆشبەردا گرتووە و 1,435 بازرگانى مادەى هۆشبەر دەستگیر کراون؛ "تاوانى دەستدرێژی سێکسى 28٪ و کوشتن 13٪ کەمیکردووە، بەڵام خۆکوشتن 6٪ زیادیکردووە و دەستگیراوە بەسەر زیاتر لە 10 هەزار چەکدا."
ئەو ئامارانە لەلایەن میقداد میری، گوتەبێژى شانەى راگەیاندنى ئەمنى و وەزارەتى ناوخۆى عێراقەوە بڵاوکرانەوە. ئامارەکە لە یەکى کانوونى دووەم تاوەکو یەکى تەممووزى 2024ى گرتبووەوە، هەندێکیان بەراورد کرابوون بە هەمان ماوەى پار.
ئاژانسى هەواڵگرى فیدراڵى سەر بە وەزارەتى ناوخۆ لەو شەش مانگەدا، 34 هەزار 979 فەرمانى دەستگیرکردنى جێبەجێکردووە کە تایبەت بە دۆسیەی تیرۆر و تاوانى دیکە، دەستگیرکراوە بەسەر 10 هەزار و 620 چەکدا.
لەو ماوەیەدا بەڕێوەبەرایەتى تاوانى رێکخراو، 29 هەزار و 251 فەرمانى دەستگیرکردنى جێبەجێکردووە، 345 بازرگانی جەستەى مرۆڤ دەستگیرکراون، 65 پێگەى بەقاچاخبردنى نەوت و 369 ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر کە بۆ ئەو مەبەستە بەکارهاتوون دەستیان بەسەردا گیراوە.
لە شەش مانگدا بەڕێوەبەرایەتى بنەبڕکردنى مادەى هۆشبەر و کارتێکەرە دەرونییەکان، دەستى گرتووە بەسەر یەک تۆن و 822 کیلۆ و 740 گرام مادەى هۆشبەردا.
میقداد میری گوتى: "مادە هۆشبەرەکان لە جۆرى کاپتاگۆن، کریستاڵ، ئەفیون، ترامۆڵ، حەشیش، هیرۆین و کۆکاین بوون، بەراورد بە پار تاوانى مادەى هۆشبەرى 40٪ کەمیکردووە".
لەو ماوەیەدا 7 هەزار و 705 تۆمەتبارى مادەى هۆشبەر دەستگیرکراون، 1435 یان بازرگانى مادەى هۆشبەر بوون، 147 بازرگانى نێودەوڵەتى بوون.
گوتەبێژى شانەى راگەیاندنى ئەمنى و وەزارەتى ناوخۆى عێراق گوتى: "22ى تەممووز لە بەغدا کۆنگرەیەکى تایبەت بە تاوانى مادەى هۆشبەر دەکرێت، وەزیرانى ناوخۆى وڵاتانى دراوسێ و چەند وڵاتێکى دیکە تێیدا بەشدار دەبن".
72 سزاى لە سێدارەدان بۆ بازرگانانى مادەى هۆشبەر دەرکراون، لەگەڵ 116 سزاى بەندکردنى تاهەتایی. میقداد میرى گوتى: "لە سێ ساڵى رابردوودا تەنیا پێنج سزاى لە سێداردان لە دۆسیەى بازرگانى مادەى هۆشبەر هەبووە".
بەگوێرەى ئامارەکەى وەزارەتى ناوخۆى عێراق، لەو شەش مانگەدا بەراورد بە شەش مانگى ساڵى رابردوو تاوانى دزیکردن، 6٪ کەمیکردووە، ساختەکردن 15٪، فێڵکردن 19٪ و دزینى ئۆتۆمبێل 16٪ کەمیکردووە. هەروەها کوشتنى ئەنقەست 13٪ کەمیکردووە، رفاندن،12٪ و دەستدرێژی سێکسی 28٪ کەمیکردووە. میقداد میرى گوتى: "بەداخەوە خۆکوشتن 6٪ زیادیکردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ