رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەیاسایەک لە عێراق ئەوە یەکلا دەکاتەوە کە چۆن مامەڵە لەگەڵ پشووى جەژن دەکرێت، ئەگەر رۆژى یەکەمى لە نێوان هەردوو وەقفى سوننە و شیعە جیاواز بوو، جەژنى نەورۆز و موسەوییەکان (جووەکانى عێراق)یش دەخرێنە نێو پشووەکانەوە.
پڕۆژەیاساکە تایبەتە بە پشووە فەرمییەکانى لە عێراق. پشووى هەردوو جەژنى رەمەزان و قوربان دیاریکراوە و دەڵێت: "یەکەم رۆژى هەردوو جەژنەکە بە راگەیێندراوى هەریەک لە وەقفى سوننە و شیعەى عێراق دیاری دەکرێت و دەنێردرێت بۆ نووسینگەى سەرۆکوەزیران."
زۆربەى جار یەکەم رۆژى جەژنى رەمەزان و قوربان لە نێوان هەردوو وەقفى سوننە و شیعە جیاوازە، یەکێکیان پێش ئەوى دیکە دەیکات بە جەژن وەک چۆن زۆربەى جار لە دیاریکردنى یەکەم رۆژى رەمەزانیش جیاوازن.
بەگوێرەى پڕۆژەکە هەر کام لە وەقفى سوننەو شیعە پێش ئەوى دیکە یەکەم رۆژى جەژنى دیاریکرد یەکەم رۆژى پشووەکە دەستپێدەکات.
دارا سێکانیانى، ئەندامى لێژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "بەگوێرەى پڕۆژە اساکە ئەگەر یەکێک لە وەقفەکان پێش ئەوى دیکە رۆژى جەژن دیاری بکات، کۆتایی پشووەکە دواڕۆژى ئەو جەژنە دەبێت کە وەقفەکەى دیکە دیاریدەکات"
بەوپێیە ئەگەر هەردوو وەقفەکە لە دیاریکردنى یەکەم رۆژى دوو جەژنەکە جیاواز بن، پشووى جەژنى رەمەزان چوار رۆژ و جەژنى قوربان پێنج رۆژ دەبێت.
بەگوێرەی پرۆژەیاساکە لە ساڵێکدا 15 رۆژ پشووی فەرمییە لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق، کە یەکێکان پشووى جەژنى نەورۆزە لە 21ى ئادار.
پڕۆژە یاساکە 9ى ئایار لە پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کرا، بە گوتەى دارا سێکانیانى تاوتوێکردنى وەک جێگرەوەیەکە بۆ پڕۆژەیاسای جەژنى غەدیر. جەژنى غەدیر ناکۆکى لە نێوان پەرلەمانتارە سوننە و شیعەکان دروست کردووە کە تایبەتە بە جێگرەوەى پێغەمبەرى ئیسلام لە دەسەڵاتى خەلافەتدا.
24 پشووى دیکەى نێو پڕۆژەیاسایەکە تایبەتن بە پێکهاتەکان، کریستیانەکان دوو رۆژ، سابیئەى مەندائی شەش رۆژ و کوردانى ئێزدى 14 رۆژ پشوویان بۆ دیارکراوە ، سێ رۆژ پشوو بۆ جووەکانى عێراق دیاریکراوە کە بە "موسەوییەکان" ناوبراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ