رووداو دیجیتاڵ
11 هاووڵاتیی بەتەمەنى عێراقى لە لوبنان دەستگیر دەکرێن، نووسینگەیەک "فیڵى لێکردوون" گوایە بە ناوى گەشتیارییەوە گەشتى حەجیان بۆ رێکدەخات.
ئەو هاووڵاتییانە دواى ئەوەى لە فڕۆکەخانەى ریازەوە گوازراونەتەوە بەیرووتى پایتەختى لوبنان، لەوێ دەستگیرکران، پاشان بەشێوەی کاتی ئازادکراون.
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى وەزارەتى دەرەوەى عێراق، ئەو 11 عێراقییە لە 11ـی ئایار لەلایەن سعودیەوە رەوانەى لوبنان کراونەتەوە، چونکە لەوێوە چوون بۆ ئەو وڵاتە.
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى، تۆڕى میدیایی رووداو لە باڵیۆزخانەى عێراق لە لوبنان دەستى کەوتووە، ئەو 11 کەسە لەلایەن نووسینگەیەکى گەشتیارى لە بەغدا براونەتە لوبنان تاوەکو لەوێوە بە ڤیزەى گەشتیارى بچنە ریازى پایتەختى عەرەبستانى سعودیە، بۆ ئەوەى بچن فەریزەى حەج جێبەجێ بکەن، بەڵام لە فڕۆکەخانەى سعودیە دەستگیرکراون بەهۆى ئەوەى ڤیزەى تایبەت بە حەجیان پێنەبووە و وەک گەشتیار چوون.
دواى گەڕاندنەوەى ئەو کەسانە بۆ لوبنان بەگومانى ئەوەى ڤیزەکانیان ساختەیە، هەر 11ـیان دەستگیرکراون، بەڵام کە دەرکەوتووە ڤیزەکانیان ساختە نییە، ئازاد کراون.
ئەو 11 کەسە، تەمەنیان لەنێوان 60 بۆ 80 ساڵدایە، بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ عێراق چاوەڕوانى وەڵامى کاربەدەستانى سعودیەن.
18ـی ئایار، ئەو کەسانەی ناویان بۆ حەج دەرچووە، بە مەبەستی بەجێهێنانی فەریزەی حەج، بە فڕۆکە گەشت بۆ مەککە دەکەن.
ئەو 11 کەسە بەوە هەڵخەڵەتێندراون کە بەناوى گەشتیارى، دەبرێنە سعودیە و لەوێ دەتوانن فەزیزەیە بەجێبهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ