رووداو دیجیتاڵ
زۆریى بارانى ئەم ساڵ، زۆنگاوى عەمارەى پارێزگاى میسان بووژاندووەتەوە کە پێشتر کەمئاوى وشکى کردبوو، راوەماسی دەستیپێکردووەتەوە، پەلەوەر و گامێشەکانیش چوونەوە لەوەڕگەى سرووشتى خۆیان.
فەلاح حەسەن، دانیشووى زۆنگاوى عەمارە دەڵێت: "لێرە خەڵک بێکارن، لەسەر ئاوى زۆنگاوەکان و راوە ماسی و ئاژەڵ بەخێوکردن دەژىن، جگە لەوە سەرچاوەى دیکەى بژێوى نییە" .
رووبارى دیجلە یەک لە سەرچاوە سەرەکییەکانى بووژاندنەوەى زۆنگاوەکانى میسانە، 35 کیلۆمەترى رووبارەکە بەو پارێزگایەدا تێپەڕدەبێت.
زۆریى بارانى ئەم ساڵ هێشتا نیگەرانی دانیشتووانی ناوچەکەی نەڕەواندووەتەوە، بە پشکى ئاوەکەیان قایل نین. ئەبو حەسەن، دانیشتووى زۆنگاوى عەمارە، گوتى: "پشکى ئاوى مەیسان بەشێوەیەکى دادپەروەرانە و دروست دابەشناکرێت، سێ لەسەر چوارى ئاوەکە دەچێت بۆ بەسرە و پشکێکى کەم بەر زۆنگاوەکان دەکەوێت".
لە سێ ساڵى رابردوودا بەهۆى کەمئاوى زیاتر لە 50٪ى دانیشتووانى زۆنگاوەکانى میسان کۆچیان کرد بۆ ناوەندى شارەکە و پارێزگاکانى دیکە.
ئەگەرچى بارانیش زۆر بێت، چارەسەرى یەکجاریی کەمئاوى ناکات، کەڕار خافى، لێکۆڵەرى ژینگەیی دەڵێت: "چەندین چارەسەر هەیە لەوانە دروستکردنى بەنداو کە دەتوانێرێت ئاوى تێدا کۆبکرێتەوە، کەناڵە ئاوییەکانیش روو پۆش بکرێن بۆ ئەوەى ئاوى زۆر لە دەست نەدەن و بچێتە ژێر زەوى."
جگە لە دیجلە، 22 چەمى بچووک لە میسان هەن کە سەرچاوەى کشتوکاڵ و بژێویى ژیانى خەڵکن، بەڵام ئاو نەگەیشتووەتەوە ئاستى چوار ساڵ لەمەوبەر کە وشکەساڵى سەرى هەڵدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ