شاخەوان عەبدوڵڵا: ئەم هەفتەیە پڕۆژەیاسای بودجە دەخرێتە دەنگدانەوە

14-05-2023
محەممەد خۆشناو @muhammadkhoshna
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەم هەفتەیە دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دەکرێت. 

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە، 14-5-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "چاوەڕوان دەکەین ئەم هەفتەیە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق راپۆرتی کۆتایی لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 پێشکێشی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکات تاوەکو بخرێتە نێو کارنامەی دانیشتنی پەرلەمانەوە". 

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتیشی، پێشبینی دەکەن ئەم هەفتەیە لیژنەی دارایی راپۆرتی کۆتایی لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە بنووسێت و پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی بکات و بخرێتە دەنگدانەوە.  

لەلایەکی دیکەوە، لیژنەی دارایی سەرقاڵی کۆبوونەوەکانی خۆیەتی و ئەمڕۆ لێژنەکە میوانداری وەزیری تەندروستیی کرد.

نەرمین مەعرووف، ئەندامی لێژنەی دارایی بەتۆڕیی میدیایی راگەیاند، "ئەمڕۆ لیژنەکەمان بەمەبەستی تاوتوێکردنی بودجەی وەزارەتی تەندروستی، میوانداریی وەزیری تەندروستی کرد و بڕیاریشە سبەی دووشەممە میوانداری وەزیری بەرگریی بکرێت."

پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى عێراق بۆ سێ ساڵە، قەبارەکەی زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە. پەرلەمانى عێراق لە 16ـى نیسانى 2023 خوێندنەوەى دووەمى بۆ پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى کرد کە هەنگاوى بەر لە دەنگدان و پەسندکردنییەتى لە پەرلەمان. 

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رۆژی 30-04-2023 لە بەرنامەی لەگەڵ رەنجی تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق گوتی، "پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجە لە 18 ترلیۆن دینار تێدەپەڕێت و رەنگە بچێتە نزیک 20 ترلیۆن دیناریش، بەڵام ئەمە هەندێک پارەی لێ دەردەچێت کە پێشتر بۆ ئێمە نەبوو، بۆ نموونە تێچووی بەرهەمهێنانی لێ دەردەهێنرێت یان تێچووی گواستنەوەی نەوت و بەرهەمهێنانی لێ دەردەکرێت و لەو پارەیە نزیکەی سێ ترلیۆن تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی لێ دەردەکرێت و ملیارێک زیاتری تێچووی گواستنەوەی نەوتیشی لێ دەردەکرێت و ژمارەکە کەم دەبێتەوە". 

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "ئەو پارەیەی دەمێنێتەوە نزیکەی 16 ترلیۆن دینار دەبێت. ئەو رێککەوتنەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق هەندێک خاڵی ئەرێنی زۆر باشی تێدایە بۆ کورد، یەکێک لەوان جێگیرکردنی میلاکاتە، هەرچەند بابەتی پێشمەرگە هێشتا بە دڵی خۆمان نییە، بەڵام هەنگاوێک چووەتە پێشەوە کە دەچێتە سەر وەزارەتی بەرگری و ئێستا ژمارەی پێشمەرگە و میلاک و پلەکانیان جێگیر بووە کە جاران ئەوانە لە بەربەستە گەورەکان بوون لەنێوان ئێمە و حکومەتی عێراقدا."

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئەو 16 ترلیۆنە دوای لێبڕینی بودجەی سەروەریشە، وەزیری دارایی گوتی: "بەڵێ، لە باشییەکانی ئەو رێککەوتنەی ئێمە یەکێکیان ئەوەیە کە ئەگەر بە باشی و بە رێکوپێکی بڕواتە پێشەوە، %90 بۆ %95 کێشەی مووچەی فەرمانبەرانمان نامێنێت." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە